عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ.
- 1
- ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە،
 لە ناڵەم وردبەرەوە.
- 2
- گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام،
 چونکە لێت دەپاڕێمەوە.
- 3
- ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت،
 بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم،
- 4
- چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت،
 بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
- 5
- لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن،
 ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
- 6
- ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت،
 یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
- 7
- بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ،
 بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.
- 8
- ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە،
 ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم،
- 9
- چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە،
 ناوەڕۆکیان لەناوچوونە،
 قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
 زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.
- 10
- ئەی خودایە، تاوانباریان بکە!
 با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە،
 لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە،
 چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.
- 11
- بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن،
 با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن.
 دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە،
 هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.
- 12
- بێگومان ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت،
 بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.

