عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. 
1
یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
2
کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a] ،
شاری پاشای گەورەیە[b] .
3
خودا لەناو قەڵاکانی
وەک پەناگایەک ناسراوە.
4
ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
5
کە بینییان تاسان،
بە ترسەوە هەڵاتن.
6
لەوێ لەرزیان لێهات،
ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
7
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
8
هەروەک بیستمان،
ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
لە شاری خودامان:
«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]
9
ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10
ئەی خودایە، وەک ناوت
ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11
کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
بەهۆی دادوەرییەکانت.
12
بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
قوللەکانی بژمێرن،
13
لە شووراکانی وردبنەوە،
بڕواننە قەڵاکانی،
هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
14
هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە.
  1. a. 48‏:2 شاخی پیرۆز لە باکوور، لە فینیکیا، کە لە ئەندێشەی خەڵک شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە.‏
  2. b. 48‏:2 مەبەست لە پاشای گەورە، خودایە. بڕوانە 47‏:2؛ 48‏:1.‏
  3. c. 48‏:7 جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏
  4. d. 48‏:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی \+tl سەلاە‏\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  5. e. 48‏:11 لە کەلتوری عیبری بە گوندەکانی دەوروبەری شارەکان دەگوترێ کچانی.‏