عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند. 
1
دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
2
تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
3
ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،
شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
4
بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،
لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،
با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
5
با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،
با گەلان لەبەر پێت بکەون.
6
ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
7
تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[a] .
8
جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[b] و کاسیا[c] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[d] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9
لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن،
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[e] لەلای دەستی ڕاستتە.
10
ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11
پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12
دانیشتووانی شاری سور[f] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13
کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14
بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[g] دێنن.
15
بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا.
16
کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
17
یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
  1. a. 45‏:7 دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەرکێکی ئایینی یان پاشایەتی ئەو کاتە بە چەورکردنی بووە بە ڕۆن.‏
  2. b. 45‏:8 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏
  3. c. 45‏:8 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏
  4. d. 45‏:8 عاج، دوو قۆچە گەورەکەی فیل، دەتاشرێن بۆ دروستکردنی پەیکەر و شتی دیکە بۆ ڕازاندنەوەی ناو ماڵ.‏
  5. e. 45‏:9 ڕەنگە وڵاتی یەمەن بێت، بە چاکی جۆری زێڕەکەی بەناوبانگ بووە.‏
  6. f. 45‏:12 مەبەست لە دانیشتووانی شاری سورە، کە شارێکی فینیقی زۆر بەناوبانگ و زۆر کۆنە.‏
  7. g. 45‏:14 تۆی پاشا.‏