عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، هۆنراوه‌یه‌كی كوڕانی قۆره‌ح. 
1
خودایه‌، به‌ گوێی خۆمان بیستمان،
باوباپیرانمان پێیان ڕاگه‌یاندین
تۆ له‌ ڕۆژگاری ئه‌وان،
له‌ ڕۆژگاری كۆن چیت كردووه‌.
2
به‌ ده‌ستی خۆت نه‌ته‌وه‌كانت ڕیشه‌كێش كرد و
باوباپیرانی ئێمه‌ت چاند،
گه‌لانت وردوخاش كرد و
گه‌شه‌ت به‌ باوباپیرانمان دا.
3
ئه‌وان به‌ شمشێری خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ر خاكدا نه‌گرت،
به‌ بازووی خۆیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا.
به‌ڵكو ده‌سته‌ ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
هه‌روه‌ها ڕووناكی ڕوخساری تۆ بوو، چونكه‌ ئه‌وانت خۆشویست.
4
تۆ پاشا و خودای منی،
تۆی فه‌رمانی ڕزگاری ده‌ده‌یت بۆ یاقوب.
5
له‌ ڕێگه‌ی تۆوه‌ دوژمنه‌كانمان ده‌به‌زێنین،
به‌ ناوی تۆوه‌ ناحه‌زه‌كانمان پێشێل ده‌كه‌ین.
6
من پشت به‌ كه‌وانه‌كه‌م نابه‌ستم،
شمشێره‌كه‌م ڕزگارم ناكات.
7
به‌ڵام تۆ له‌ دوژمنه‌كانمان ڕزگارت كردین،
تۆ ناحه‌زه‌كانی ئێمه‌ت ڕیسوا كرد.
8
به‌ درێژایی ڕۆژ شانازی به‌ خوداوه‌ ده‌كه‌ین،
هه‌تاهه‌تایه‌ ستایشی ناوت ده‌كه‌ین. [a]
9
به‌ڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات كردین،
له‌گه‌ڵ سوپاكانمان ده‌رناچیت.
10
وات لێكردین له‌به‌ر دوژمنه‌كانمان ڕابكه‌ین،
ناحه‌زه‌كانمان تاڵانیان كردین.
11
وه‌ك مه‌ڕ بۆ سه‌ربڕین به‌ده‌سته‌وه‌ت داین،
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان په‌رشوبڵاوت كردینه‌وه‌.
12
گه‌لی خۆتت هه‌رزان فرۆش كردووه‌،
قازانجت له‌ فرۆشتنه‌كه‌یان نه‌كردووه‌.
13
له‌لای نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێمان ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ مایه‌ی ڕیسوایی،
به‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و سووكایه‌تی پێكردن له‌لای ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان.
14
ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ په‌ندی نه‌ته‌وه‌كان،
خه‌ڵكی سه‌ریان باده‌ده‌ن له‌ ئاستمان.
15
ڕیسواییم به‌ درێژایی ڕۆژ له‌پێشمه‌،
شه‌رمه‌زاریم ڕووی داپۆشیوم،
16
له‌به‌ر ده‌نگی توانج لێده‌ر و جنێو پێده‌رم،
له‌ ڕووی دوژمن و تۆڵه‌سێنه‌ر.
17
ئه‌مانه‌مان هه‌مووی به‌سه‌رهاتووه‌،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمان له‌بیر نه‌كردووه‌،
په‌یمانی تۆمان نه‌شكاندووه‌.
18
دڵمان پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌،
پێیه‌كانمان ڕێگای تۆیان به‌رنه‌داوه‌.
19
به‌ڵام تۆ وردوخاشت كردین و ئێمه‌ت كرده‌ جێگای چه‌قه‌ڵ،
به‌ سێبه‌ری مه‌رگ داتپۆشین.
20
ئه‌گه‌ر ناوی خودای خۆمان له‌بیر بكردایه‌،
یان ده‌ستمان له‌به‌ر خوداوه‌ندێكی بیانی پان بكردایه‌وه‌،
21
ئایا له‌لای خودا ئاشكرا نه‌ده‌بوو،
چونكه‌ هه‌موو نهێنییه‌كانی دڵ ده‌زانێت؟
22
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بینه‌وه‌،
وه‌ك مه‌ڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین.
23
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ئاگا به‌! بۆ خه‌واڵوو بوویت؟
هه‌سته‌! هه‌تاهه‌تایه‌ وازمان لێمه‌هێنه‌.
24
بۆچی ڕووی خۆتمان لێ ده‌شاریته‌وه‌؟
بۆچی ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌مان له‌بیرده‌كه‌یت؟
25
گیانمان به‌ره‌و خاك شۆڕ بووه‌ته‌وه‌،
سكمان به‌ زه‌وییه‌وه‌ نووساوه‌.
26
ڕاپه‌ڕه‌! بگه‌ فریامان!
له‌به‌ر خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت بمانكڕه‌وه‌.
  1. a. 44‏:8 له‌ ده‌قی عیبری لێره‌ وشه‌ی \+tl سه‌لاه‌\+tl* هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی مۆسیقا و خوێندنه‌وه‌.