عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، به‌ ئاوازی گوڵی سه‌وسه‌ن. هۆنراوه‌یه‌كی كوڕانی قۆره‌ح. گۆرانی زه‌ماوه‌ند. 
1
دڵم به‌ قسه‌ی باش ده‌جۆشێت،
كاتێك هۆنراوه‌كانم بۆ پاشا ده‌خوێنمه‌وه‌،
زمانم پێنووسی نووسه‌رێكی كارامه‌یه‌.
2
تۆ جوانترینی له‌ناو ئاده‌میزاد و
نیعمه‌ت به‌سه‌ر لێوتدا باریوه‌،
چونكه‌ خودا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ره‌كه‌تداری كردوویت.
3
ئه‌ی توانادار، شمشێره‌كه‌ت به‌لای ڕانته‌وه‌ بكه‌،
شكۆمه‌ندی و پایه‌به‌رزی له‌به‌ر بكه‌.
4
به‌ شكۆمه‌ندی خۆت سه‌ركه‌وتووانه‌ سواربه‌،
له‌ پێناوی ڕاستی و نه‌رمونیانی و دادپه‌روه‌ری،
با ده‌ستی ڕاستت شتی سامناك بخاته‌ پێش چاو.
5
با تیره‌ تیژه‌كانت دڵی دوژمنانی پاشا كون بكه‌ن،
با گه‌لان له‌به‌ر پێت بكه‌ون.
6
ئه‌ی خودایه‌، ته‌ختی تۆ بۆ هه‌تاهه‌تاییه‌،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپه‌روه‌رییه‌.
7
تۆ حه‌زت له‌ ڕاستودروستییه‌ و ڕقت له‌ خراپه‌یه‌،
بۆیه‌ خودا، خودای خۆت، له‌ سه‌رووی هاوه‌ڵه‌كانته‌وه‌ داینای،
به‌ ڕۆنی شادی ده‌ستنیشانی كردیت[a] .
8
جلوبه‌رگت هه‌مووی به‌ بۆنی موڕ و ئه‌لوا[b] و كاسیا[c] بۆندار بووه‌،
له‌ كۆشكی به‌ عاج[d] ڕازاوه‌وه‌ ده‌نگی مۆسیقا دڵخۆشت ده‌كات.
9
له‌ناو ژنه‌ خانه‌دانه‌كانت شازاده‌ هه‌ن
شاژنیش به‌ به‌رگی زێڕی ئۆفیره‌وه‌[e] له‌لای ده‌سته‌ ڕاستته‌.
10
ئه‌ی كچ، گوێ بگره‌، له‌به‌رچاوتی بگره‌ و گوێ شل بكه‌،
گه‌له‌كه‌ت و بنه‌ماڵه‌كه‌ت له‌بیر بكه‌.
11
پاشا تامه‌زرۆی جوانی تۆیه‌،
كڕنۆشی بۆ ببه‌، چونكه‌ گه‌وره‌ی تۆیه‌.
12
دانیشتووانی شاری سور[f] به‌ دیارییه‌وه‌ دێن،
خاوه‌ن سامانه‌كان ڕه‌زامه‌ندی تۆیان ده‌وێت.
13
كچی پاشا له‌ ماڵی خۆی به‌ ته‌واوی شكۆداره‌،
جلوبه‌رگه‌كه‌ی به‌ زێڕ چنراوه‌.
14
به‌ كراسێكی نه‌خشێنراوه‌وه‌ بۆ لای پاشا ده‌یبه‌ن،
یاوه‌ره‌ پاكیزه‌كانی به‌دوایه‌وه‌ بۆ لای تۆ[g] دێنن.
15
به‌ شادی و خۆشییه‌وه‌ ده‌یانهێنن،
دێنه‌ ناو كۆشكی پاشا.
16
كوڕه‌كانت جێی باوكانیان ده‌گرنه‌وه‌،
ده‌یانكه‌یته‌ میری سه‌رانسه‌ری زه‌وی.
17
یادی ناوت ده‌كه‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌،
بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌كان هه‌تاهه‌تایه‌ ستایشت ده‌كه‌ن.
  1. a. 45‏:7 ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ ئه‌ركێكی ئایینی یان پاشایه‌تی ئه‌و كاته‌ به‌ چه‌وركردنی بووه‌ به‌ ڕۆن.
  2. b. 45‏:8 ڕووه‌كێكی دڕكاوییه‌ وه‌ك سه‌باڕ، شله‌یه‌كی تێدایه‌ بۆ پێست باشه‌.
  3. c. 45‏:8 دارێكه‌ بۆ بۆنخۆشی به‌كاردێت.
  4. d. 45‏:8 عاج، دوو قۆچه‌ گه‌وره‌كه‌ی فیل، ده‌تاشرێن بۆ دروستكردنی په‌یكه‌ر و شتی دیكه‌ بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ناو ماڵ.
  5. e. 45‏:9 ڕه‌نگه‌ وڵاتی یه‌مه‌ن بێت، به‌ چاكی جۆری زێڕه‌كه‌ی به‌ناوبانگ بووه‌.
  6. f. 45‏:12 مه‌به‌ست له‌ دانیشتووانی شاری سوره‌، كه‌ شارێكی فینیقی زۆر به‌ناوبانگ و زۆر كۆنه‌.
  7. g. 45‏:14 تۆی پاشا.