عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
 - 1
 - بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو. - 2
 - لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد. - 3
 - گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن. - 4
 - خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ. - 5
 - ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن. - 6
 - بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد. - 7
 - ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a] - 8
 - ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.» - 9
 - لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم. - 10
 - ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە. - 11
 - ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت، - 12
 - چونکە بەڵای بێشومار دەوری داوم،
گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.
لە مووی سەرم زیاترن،
ورەم بەرداوە. - 13
 - یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،
یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم. - 14
 - با هەموو شەرمەزار و سووک بن،
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.
ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت. - 15
 - با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،
ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!» - 16
 - بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن. - 17
 - بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
با پەروەردگار بایەخم پێبدات.
یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،
ئەی خودای من، دوا مەکەوە. 
- a. 40:7 بڕوانە دواوتار 18:17-20
 

