عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان زه‌بوورێكی داود. 
1
به‌ پشوودرێژییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی یه‌زدانم كرد،
ئاوڕی لێ دامه‌وه‌ و گوێی له‌ هاوارم بوو.
2
له‌ناو چاڵی له‌ناوچوون هه‌ڵیكێشامه‌ ده‌ره‌وه‌،
له‌ناو قوڕ و زه‌لكاو ده‌ریهێنام.
پێیه‌كانمی له‌سه‌ر تاشه‌به‌رد دانا و
هه‌نگاوه‌كانی منی توندوتۆڵ كرد.
3
گۆرانییه‌كی نوێی خسته‌ ناو ده‌مم،
سروودێكی ستایش بۆ خودامان.
زۆر كه‌س ئه‌مه‌ ده‌بینن و ده‌ترسن و
پشت به‌ یه‌زدان ده‌به‌ستن.
4
خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و كه‌سه‌ی
پشت به‌ یه‌زدان ده‌به‌ستێت،
ڕوو له‌ لووتبه‌رزان ناكات،
له‌وانه‌ی ڕوویان وه‌رگێڕاوه‌ به‌ره‌و درۆ.
5
ئه‌ی یه‌زدان، خودای من،
زۆرن ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی كه‌ كردووته‌.
ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌خشه‌ت كێشاوه‌
كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئه‌گه‌ر باسیان بكه‌م و بیانگێڕمه‌وه‌،
ئه‌وه‌نده‌ زۆرن نایه‌نه‌ ژماردن.
6
به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراو ڕازی نه‌بوویت،
به‌ڵكو گوێی منت كرده‌وه‌،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نه‌كرد.
7
ئینجا گوتم: «ئه‌وه‌تا هاتم،
هه‌روه‌ك له‌ تۆماره‌كه‌دا له‌سه‌رم نووسراوه‌.[a]
8
ئه‌ی خودای من، شادمانیم له‌وه‌دایه‌ كه‌ خواستی تۆ به‌جێبهێنم،
فێركردنی تۆ له‌ ناخی دڵمدایه‌.»
9
له‌ناو كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ ڕاستودروستی ڕاده‌گه‌یه‌نم،
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ خۆت ده‌زانیت،
ده‌می خۆم ناگرم.
10
ڕاستودروستیت له‌ناو دڵم كپ ناكه‌مه‌وه‌،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت ده‌كه‌م.
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت و ڕاستییه‌كه‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ ناشارمه‌وه‌.
11
ئه‌ی یه‌زدان، به‌زه‌یی خۆتم له‌سه‌ر لامه‌به‌،
با خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕ و ڕاستییه‌كه‌ت هه‌میشه‌ بمپارێزێت.
12
چونكه‌ بێشوماره‌ به‌ڵا ده‌وری داوم،
گوناهه‌كانم به‌ شێوه‌یه‌ك گرفتاریان كردووم ناتوانم ببینم.
له‌ مووی سه‌رم زیاترن،
وره‌م به‌رداوه‌.
13
یه‌زدان، ڕازیبه‌ بۆ ده‌ربازكردنم،
یه‌زدان، خێرابه‌ بۆ یارمه‌تیدانم.
14
با هه‌موو شه‌رمه‌زار و سووك بن،
ئه‌وانه‌ی گیانی منیان ده‌وێت بۆ له‌ناوبردنی.
ببه‌زن و ڕیسوا بن
ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت.
15
با له‌ شه‌رمه‌زارییان بپه‌شۆكێن،
ئه‌وانه‌ی به‌ من ده‌ڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
16
با هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆیان ده‌وێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هه‌میشه‌ بڵێن: «مه‌زن بێت یه‌زدان!»
ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ ڕزگاریی تۆ ده‌كه‌ن.
17
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ من، هه‌ژار و نه‌دارم،
با په‌روه‌ردگار بایه‌خم پێبدات.
یارمه‌تی و ده‌ربازكه‌رم تۆی،
ئه‌ی خودای من، دوا مه‌كه‌وه‌.
  1. a. 40‏:7 بڕوانه‌ دواوتار 18‏:17‏-20‏