عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود، بۆ یادكردنه‌وه‌. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، به‌ تووڕه‌یی خۆت سه‌رزه‌نشتم مه‌كه‌،
به‌ ڕقی خۆت ته‌مبێم مه‌كه‌.
2
چونكه‌ تیره‌كانت منیان پێكا،
ده‌ستت منی خسته‌ خواره‌وه‌.
3
به‌هۆی تووڕه‌یی تۆوه‌ ته‌ندروستی له‌ له‌شمدا نه‌ماوه‌،
به‌هۆی گوناهمه‌وه‌ ساغی له‌ ئێسقانه‌كانمدا نه‌ماوه‌.
4
تاوانه‌كانم به‌سه‌ر سه‌رم كه‌وتوون،
وه‌ك بارێكی گران كه‌ توانام نییه‌ هه‌ڵیبگرم.
5
برینه‌كانم بۆگه‌ن بوون و چڵكیان كردووه‌،
به‌هۆی گێلایه‌تی خۆم.
6
پشتم چه‌ماوه‌ته‌وه‌ و كووڕ بوومه‌ته‌وه‌،
به‌ درێژایی ڕۆژ ماته‌م ده‌گێڕم.
7
كه‌له‌كه‌م[a] پڕ بووه‌ له‌ ژانێكی سووتێنه‌ر،
ته‌ندروستی له‌ له‌شمدا نه‌ماوه‌.
8
به‌ ته‌واوی تێكشكاوم و بێهێز بووم،
له‌به‌ر نه‌هامه‌تی دڵم هه‌ر ده‌ناڵێنم.
9
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌موو ئاره‌زووه‌كانم له‌پێش چاوته‌،
ئاخ هه‌ڵكێشانم له‌ تۆ شاردراوه‌ نییه‌.
10
دڵه‌كوتێمه‌ و هێزم له‌به‌ر بڕاوه‌،
ته‌نانه‌ت ڕووناكیش له‌ چاوانم بڕاوه‌.
11
له‌به‌ر برینه‌كانم دۆست و براده‌ره‌كانم خۆیان لێم ده‌پارێزن،
خزمانم لێم دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.
12
ئه‌وانه‌ی به‌دوای ژیانی منه‌وه‌ن ته‌ڵه‌ ده‌نێنه‌وه‌،
ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئازارم بده‌ن باسی تێكشكانم ده‌كه‌ن،
به‌ درێژایی ڕۆژ بیر له‌ فرتوفێڵ ده‌كه‌نه‌وه‌.
13
به‌ڵام من وه‌ك كه‌ڕ وام، گوێم لێ نابێت،
وه‌ك لاڵ وام، ناتوانم ده‌مم بكه‌مه‌وه‌.
14
وه‌ك كه‌سێكم لێ هاتووه‌ كه‌ نابیستێت،
هیچ به‌هانه‌یه‌كیشی له‌ ده‌می نه‌بێت.
15
ئه‌ی یه‌زدان، چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌م،
ئه‌ی خودای په‌روه‌ردگارم، تۆ وه‌ڵام ده‌ده‌یته‌وه‌.
16
چونكه‌ گوتم: «مه‌هێڵه‌ پێم خۆش بن،
یان كاتێك پێم ده‌خلیسكێت خۆیان به‌ گه‌وره‌ بزانن له‌ سه‌رم.»
17
چونكه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وم،
هه‌میشه‌ ئازاره‌كانم له‌گه‌ڵمه‌.
18
دان به‌ تاوانی خۆمدا ده‌نێم،
به‌ گوناهی خۆم خه‌مبار ده‌بم.
19
دوژمن چالاك و به‌هێزن،
ئه‌وانه‌ی به‌بێ هۆ ڕقیان لێمه‌ زۆرن.
20
ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ری چاكه‌ خراپه‌م ده‌ده‌نه‌وه‌،
دژایه‌تیم ده‌كه‌ن، چونكه‌ دوای چاكه‌ كه‌وتووم.
21
ئه‌ی یه‌زدان، پشتگوێم مه‌خه‌،
ئه‌ی خودای من، لێم دوور مه‌كه‌وه‌.
22
ئه‌ی په‌روه‌ردگاری ڕزگاركه‌رم،
خێرا بگه‌ فریام.
  1. a. 38‏:7 قه‌برغه‌م.