عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە». 
1
ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3
دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4
دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10
یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11
یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی. //گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[d]
  1. a. 29‏:6 مەبەستی لە چیای لوبنانە.‏
  2. b. 29‏:6 هەروەها سریۆنیشی پێ دەگوترێ، بەرزترین شاخە لە سوریا.‏
  3. c. 29‏:8 دەکەوێتە دووری 80 کم لە باکووری بیری شابەع، گەلی ئیسرائیل لەدوای هاتنەدەرەوەیان لە میسر ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە.‏
  4. d. 30‏:0 بڕوانە یەکەم پاشایان 8‏:61 و دووەم پوختەی مێژوو 7‏‏.‏