عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود «له‌ جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌». 
1
ستایشی شكۆ و هێزی یه‌زدان بكه‌ن،
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن، ئه‌ی فریشته‌كانی ئاسمان.
2
ستایشی ناوی شكۆداری یه‌زدان بكه‌ن،
كڕنۆش بۆ یه‌زدان ببه‌ن چونكه‌ شكۆدار و پیرۆزه‌.
3
ده‌نگی یه‌زدان له‌سه‌ر ئاوه‌كان ده‌نگ ده‌داته‌وه‌،
خودای شكۆمه‌ندی تریشقه‌ ده‌دات،
یه‌زدان له‌سه‌ر ئاوه‌ زۆره‌كان تریشقه‌ ده‌دات.
4
ده‌نگی یه‌زدان به‌ هێزه‌،
ده‌نگی یه‌زدان به‌ شكۆیه‌.
5
ده‌نگی یه‌زدان داری ئورز ده‌شكێنێت،
یه‌زدان ئورزه‌كانی لوبنان ده‌شكێنێت،
6
وا ده‌كات لوبنان[a] وه‌ك گوێره‌كه‌ ڕابكات و
حه‌رمۆنیش[b] وه‌ك جوانه‌گای كێوی.
7
ده‌نگی یه‌زدان چه‌خماخه‌ ده‌دات
به‌ بروسكه‌ و تریسكه‌وه‌.
8
ده‌نگی یه‌زدان بیابان ده‌له‌رزێنێت
یه‌زدان بیابانی قادێش[c] ده‌له‌رزێنێت.
9
ده‌نگی یه‌زدان دار به‌ڕوو لوول ده‌دات و
دارستانه‌كان ڕووت ده‌كاته‌وه‌.
له‌ناو په‌رستگاكه‌یدا هه‌موو هاوار ده‌كه‌ن: «شكۆمه‌ندی!»
10
یه‌زدان به‌ ته‌ختی پاشاییه‌وه‌، له‌سه‌ر تۆفان داده‌نیشێت،
یه‌زدان هه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك پاشا له‌سه‌ر ته‌خت داده‌نیشێت.
11
یه‌زدان هێز به‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌به‌خشێت،
یه‌زدان به‌ره‌كه‌تی ئاشتی ده‌داته‌ گه‌له‌كه‌ی.
  1. a. 29‏:6 مه‌به‌ستی له‌ چیای لوبنانه‌.
  2. b. 29‏:6 هه‌روه‌ها سریۆنیشی پێ ده‌گوترێ، به‌رزترین شاخه‌ له‌ سوریا.
  3. c. 29‏:8 ده‌كه‌وێته‌ دووری 80 كم له‌ باكووری بیری شابه‌ع، گه‌لی ئیسرائیل له‌دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ میسر ماوه‌یه‌ك له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌.