عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پاڕانەوەیەکی داود.
- 1
- ئەی خودایە، بمپارێزە،
 چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
- 2
- بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
 بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
- 3
- هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
 ئەوانە شکۆدارن.
- 4
- ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
 دەردیان زۆر دەبێت.
 خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
 ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
- 5
- ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
 تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
- 6
- گوریس[a]  کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
 بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
- 7
- ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
 تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
- 8
- هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
 لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
- 9
- بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
 تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
- 10
- چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
 هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
- 11
- ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
 تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
 خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.
- a. 16:6 دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.
- b. 16:10 مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.

