عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێژێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، گوێ له‌ داواكاری ڕاستودروستی من بگره‌،
بایه‌خ به‌ هاوارم بده‌،
گوێ له‌ نوێژه‌كه‌م بگره‌،
له‌ زاری بێ فێڵمه‌وه‌ ده‌رده‌چێ.
2
ئه‌ستۆپاكی من له‌لای تۆوه‌ دێت،
چاوه‌كانت ڕاست و ڕێكی ده‌بینێت.
3
ئه‌گه‌ر دڵم بپشكنیت و له‌ شه‌ودا چاودێریم بكه‌یت،
ئه‌گه‌ر تاقیم بكه‌یته‌وه‌، هیچ خراپه‌یه‌كم تێدا نابینیت،
پێداگری ده‌كه‌م كه‌ ده‌مم سنوور نه‌به‌زێنێت.
4
سه‌باره‌ت به‌ كاری خه‌ڵك، به‌ فه‌رمایشتی سه‌ر لێوی تۆ،
خۆم له‌ ڕێگای توندوتیژی پاراستووه‌.
5
هه‌نگاوم به‌ ڕێڕه‌وی تۆوه‌ جێگیر بوو،
پێم نه‌خلیسكاوه‌.
6
ئه‌ی خودایه‌، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌، چونكه‌ تۆ به‌ ده‌نگمه‌وه‌ دێیت،
گوێ بۆ پاڕانه‌وه‌كه‌م شل بكه‌ و ببیسته‌.
7
جوانی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت ده‌ربخه‌،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌سته‌ ڕاستت ئه‌وانه‌ ڕزگار ده‌كه‌یت
كه‌ له‌به‌ر دوژمنه‌كانیان په‌نات بۆ ده‌هێنن.
8
وه‌ك گلێنه‌ی چاوت بمپارێزه‌،
له‌ژێر سێبه‌ری باڵه‌كانت بمشاره‌وه‌،
9
له‌و به‌دكارانه‌ی هێرشم ده‌كه‌نه‌ سه‌ر،
له‌و دوژمنه‌ بكوژانه‌ی ده‌وریان داوم.
10
دڵه‌ به‌ردینه‌كانیان داخستووه‌،
به‌ ده‌میش لاف لێده‌ده‌ن.
11
شوێن پێم ده‌كه‌ون، وا ده‌وریان داوم،
چاویان له‌وه‌یه‌ به‌ زه‌ویم دا بده‌ن.
12
وه‌ك شێرێكن كه‌ برسی په‌لاماردانه‌،
وه‌ك به‌چكه‌ شێرێك خۆی له‌ بۆسه‌ نابێت.
13
ئه‌ی یه‌زدان ڕاپه‌ڕه‌، له‌ ڕوویان بوه‌سته‌وه‌، به‌ریان بده‌وه‌!
به‌ شمشێری خۆت گیانم له‌ به‌دكار ڕزگار بكه‌!
14
ئه‌ی یه‌زدان، به‌ ده‌ستی خۆت له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ڕزگارم بكه‌،
له‌ خه‌ڵكی ئه‌م جیهانه‌ كه‌ به‌شیان له‌م ژیانه‌یه‌،
ورگیانت پڕكردووه‌ له‌و شته‌ی هه‌ڵتگرتووه‌ بۆیان،
كوڕه‌كانیان تێر ده‌خۆن،
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ منداڵه‌كانیان جێی ده‌هێڵن.
15
به‌ڵام من بێتاوان ده‌بم و ڕووی تۆ ده‌بینم،
كه‌ به‌ئاگادێم تێر ده‌بم له‌ بینینی شێوه‌ت.