عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- هەلیلویا!
 چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
 ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
- 2
- یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
 ڕاپێچکراوەکانی[a] ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
- 3
- دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
 برینیان ساڕێژ دەکات.
- 4
- ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
 هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
- 5
- پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
 تێگەیشتنی بێ سنوورە.
- 6
- یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
 بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
- 7
- بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
 بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
- 8
- ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
 باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
 گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
- 9
- خۆراکی ئاژەڵ و
 بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
- 10
- یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
 بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
- 11
- بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
 ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
- 12
- ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
 ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
- 13
- یەزدان شمشیرەی[b]  دەروازەکانت بەهێز دەکات،
 کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
- 14
- لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
 لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
- 15
- فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
 پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
- 16
- بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
 زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
- 17
- تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
 کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
- 18
- پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
 بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
- 19
- پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
 فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
- 20
- ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
 حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
 هەلیلویا!
- a. 147:2 ڕاپێچکراوەکان بۆ بابل.
- b. 147:13 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.

