عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی داود.
- 1
- ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من،
 ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ،
 پەنجەکانم بۆ جەنگ.
- 2
- ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە،
 پەناگا و دەربازکەرە بۆم،
 قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە،
 ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.
- 3
- ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟
 کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟
- 4
- مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت،
 ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.
- 5
- ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە،
 دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.
- 6
- چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە،
 تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.
- 7
- لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە،
 فریام بکەوە و دەربازم بکە،
 لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،
- 8
- ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
 سوێندخواردنیان ساختەیە.
- 9
- ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
 بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
- 10
- بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
 ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.
- 11
- دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
 ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
 سوێندخواردنیشیان ساختەیە.
- 12
- ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
 وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن،
 کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
 گۆشەی کۆشک دەبن.
- 13
- ئەمبارەکانمان پڕ دەبن
 لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
 مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
 بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان،
- 14
- گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن.
 بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
 شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت!
- 15
- خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.

