عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، نوێژم ببیسته‌،
گوێ له‌ پاڕانه‌وه‌م بگره‌،
به‌ دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت
وه‌ڵامم بده‌وه‌.
2
له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاری خۆت مه‌كه‌وه‌ دادگایی،
چونكه‌ كه‌س نییه‌ له‌به‌رده‌م تۆ بێتاوان ده‌ربچێت.
3
چونكه‌ دوژمن ڕاوم ده‌نێت،
ژیانمی به‌ره‌و زه‌وی پێپه‌ست كردووه‌،
له‌ناو تاریكی داینیشاندووم
وه‌ك ئه‌وانه‌ی ده‌مێكه‌ مردوون.
4
ڕۆحم بێ وره‌ ده‌بێت،
له‌ ناخمه‌وه‌ دڵم ده‌به‌سترێت.
5
ڕۆژگاری دێرین دێته‌وه‌ یادم،
له‌ هه‌موو كاره‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌،
سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ كرداره‌كانی ده‌ستت.
6
ده‌ستم بۆ تۆ پانده‌كه‌مه‌وه‌،
گیانم بۆ تۆ وه‌ك خاكێكی وشكه‌.[a]
7
ئه‌ی یه‌زدان، زوو وه‌ڵامم بده‌وه‌،
ڕۆحم له‌ناوده‌چێت،
ڕووی خۆتم لێ مه‌شاره‌وه‌،
ئه‌گینا له‌وانه‌ ده‌چم كه‌ ده‌چنه‌ نێو جیهانی مردووان.
8
با به‌یانییان گوێم له‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت بێت،
چونكه‌ من پشت به‌ تۆ ده‌به‌ستم.
ئه‌و ڕێگایه‌م پێ بناسێنه‌ كه‌ ده‌یگرمه‌به‌ر،
چونكه‌ گیانی خۆم بۆ تۆ به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌.
9
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ دوژمنه‌كانم ده‌ربازم بكه‌،
هانا بۆ تۆ ده‌هێنم.
10
فێرم بكه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی تۆ بهێنمه‌ دی،
چونكه‌ تۆ خودای منی.
ڕۆحه‌ چاكه‌كه‌ت ڕێنماییم ده‌كات
له‌ زه‌وییه‌كی ڕاست.
11
ئه‌ی یه‌زدان، له‌به‌ر ناوی خۆت بمژیێنه‌وه‌،
به‌ ڕاستودروستی خۆت گیانم له‌ ته‌نگانه‌ ده‌ربهێنه‌.
12
به‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت دوژمنانم ده‌مكوت بكه‌،
هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ناوببه‌ كه‌ ته‌نگم پێ هه‌ڵده‌چنن،
چونكه‌ من خزمه‌تكاری تۆم.
  1. a. 143‏:6 له‌ ده‌قی عیبری لێره‌ وشه‌ی \+tl سه‌لاه‌\+tl* هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی مۆسیقا و خوێندنه‌وه‌.