عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - א (ئەلف)\f + \fr 119:1 \ft ڕێکخستنی پیتەکان بەپێی ڕێکخستنی عیبرییە \+tl ئەلف، بێت، گیمێل\+tl*… هتد، لە دەقە عیبرییەکە سەری دێڕەکان بەو پیتە دەستپێدەکەن کە لەژێر بەشی ئەو پیتەن.\f*
- 1
- خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
 ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
- 2
- خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
 بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.
- 3
- هەروەها خراپە ناکەن و
 بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
- 4
- تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
 بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
- 5
- خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
 لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
- 6
- ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
 کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
- 7
- بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
 کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
- 8
- فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
 هەرگیز وازم لێ مەهێنە.
- ב (بێت)
- 9
- گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
 بە پاراستنی وشەکانت.
- 10
- بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم،
 مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
- 11
- وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە،
 تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
- 12
- ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
 فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 13
- بە لێوەکانی خۆم،
 باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
- 14
- بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
 وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
- 15
- لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
 چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
- 16
- بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
 وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
- ג (گیمێل)
- 17
- چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
 تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
- 18
- چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
 کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
- 19
- من نامۆم لە زەوی،
 ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
- 20
- گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
 بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
- 21
- سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
 کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
- 22
- ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
 چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
- 23
- هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
 بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
- 24
- یاساکانت شادمانی منن،
 ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
- ד (دالێت)
- 25
- گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
 بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
- 26
- باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
 فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- 27
- ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
 لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
- 28
- گیانم لە خەفەتان توایەوە،
 بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
- 29
- ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
 لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
- 30
- ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
 حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
- 31
- دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
 ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
- 32
- بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
 چونکە دڵی منت ئازاد کرد.
- ה (هێی)
- 33
- ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە،
 هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.
- 34
- تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم،
 بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.
- 35
- بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت،
 چونکە دڵخۆشم دەکەن.
- 36
- دڵم بخەرە سەر یاساکانت،
 نەک سەر قازانج.
- 37
- چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ،
 لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.
- 38
- بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی،
 ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.
- 39
- ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم،
 چونکە حوکمەکانت چاکن.
- 40
- ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم،
 بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.
- ו (ڤاڤ)
- 41
- ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
 ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
- 42
- جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
 چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
- 43
- وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
 چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
- 44
- بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
 هەتاهەتایە و هەتاسەر.
- 45
- بە ئازادی دەڕۆم،
 چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
- 46
- لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
 شەرمەزاریش نابم.
- 47
- خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
 چونکە حەزم لێیانە.
- 48
- دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
 سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
- ז (زاین)
- 49
- پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
 چونکە هیوات پێم داوە.
- 50
- لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
 بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
- 51
- لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
 بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
- 52
- ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
 دڵنەواییم هاتەوە.
- 53
- لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
 ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
- 54
- فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
 لە ماڵی ئاوارەییم.
- 55
- ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
 گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
- 56
- ئەم نەریتە بۆ من بوو:
 ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
- ח (حێیت)
- 57
- ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی،
 بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.
- 58
- بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم،
 بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.
- 59
- لە ڕێگای خۆم ڕامام،
 پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.
- 60
- خێرا بووم و دوا نەکەوتم
 لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.
- 61
- گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە،
 بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
- 62
- لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم
 لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.
- 63
- من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن،
 لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.
- 64
- ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە،
 فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- ט (تێیت)
- 65
- ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد،
 بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.
- 66
- هەستی باش و زانینم فێر بکە،
 چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.
- 67
- بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم،
 بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.
- 68
- تۆ چاکیت و چاکەکاری،
 فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- 69
- لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
 بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
- 70
- دڵیان وەک پیو بێ هەستە،
 بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.
- 71
- چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم،
 بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.
- 72
- فێرکردنی دەمی تۆ
 لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.
- י (یۆد)
- 73
- دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم،
 تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.
- 74
- ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن،
 چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.
- 75
- ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە،
 بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.
- 76
- با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت،
 بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.
- 77
- با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم،
 چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.
- 78
- با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم،
 بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.
- 79
- با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من،
 ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.
- 80
- با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت،
 بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.
- כ (کاف)
- 81
- گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە،
 ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.
- 82
- چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت،
 دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»
- 83
- هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە،
 فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.
- 84
- خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟
 کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟
- 85
- لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە،
 ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!
- 86
- هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن،
 فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!
- 87
- خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن،
 بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.
- 88
- بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە،
 یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.
- ל (لامد)
- 89
- ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
 لە ئاسمان چەسپاوە.
- 90
- دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
 زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
- 91
- ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
 چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
- 92
- ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
 بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
- 93
- هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
 چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
- 94
- من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
 چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
- 95
- بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن،
 بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
- 96
- بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
 بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.
- מ (میم)
- 97
- چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
 بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
- 98
- بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
 چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
- 99
- لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
 چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
- 100
- لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
 چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
- 101
- پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
 بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
- 102
- لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
 چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
- 103
- بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
 لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
- 104
- لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
 بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
- נ (نون)
- 105
- وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم،
 ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
- 106
- سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
 کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
- 107
- ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
 جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
- 108
- ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە.
 حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
- 109
- هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
 بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
- 110
- بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
 بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
- 111
- یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
 چونکە ئەوان شادی دڵمن.
- 112
- دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
 هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
- ס (سامخ)
- 113
- ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
 حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
- 114
- تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
 هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
- 115
- ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،
 تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
- 116
- بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
 لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
- 117
- پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
 هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
- 118
- هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
 چونکە فێڵەکەیان پووچە.
- 119
- هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
 بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
- 120
- لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
 لە حوکمەکانت دەترسم.
- ע (عەین)
- 121
- دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
 ڕادەستی زۆردارم مەکە.
- 122
- بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
 با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
- 123
- چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
 بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.
- 124
- بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
 فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 125
- من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،
 بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
- 126
- ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە،
 چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
- 127
- لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
 زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
- 128
- هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
 ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
- פ (پێ)
- 129
- یاساکانت سەرسوڕهێنەرە،
 بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.
- 130
- ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت،
 تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.
- 131
- دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە،
 چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.
- 132
- ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
 وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.
- 133
- هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە،
 مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.
- 134
- لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە،
 بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.
- 135
- ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە،
 فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 136
- جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت،
 چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.
- צ (تسادێ)
- 137
- ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
 حوکمەکانت ڕاستن.
- 138
- ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
 بە تەواوی جێی متمانەن.
- 139
- دڵگەرمیم سووتاندمی،
 چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
- 140
- بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
 خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
- 141
- من بچووک و ڕیسوام،
 بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
- 142
- ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
 فێرکردنت ڕاستە.
- 143
- تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە،
 بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
- 144
- یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
 تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
- ק (قۆف)
- 145
- پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە،
 فەرزەکانت بەجێدەهێنم.
- 146
- هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە!
 یاساکانت پەیڕەو دەکەم.
- 147
- پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم،
 ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.
- 148
- بە درێژایی شەو بەئاگام،
 بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.
- 149
- بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە،
 ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت[a] بمژیێنەوە.
- 150
- پیلانگێڕان نزیک بوونەوە،
 لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.
- 151
- بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت،
 هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.
- 152
- لەمێژە لە یاساکانت دەزانم،
 کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.
- ר (ڕێیش)
- 153
- سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە،
 چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
- 154
- پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە،
 بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.
- 155
- ڕزگاری لە بەدکاران دوورە،
 چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.
- 156
- ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە،
 بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
- 157
- دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن،
 بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.
- 158
- ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە،
 چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.
- 159
- ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە،
 ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.
- 160
- هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە،
 هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.
- ש (شین)
- 161
- میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە،
 بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.
- 162
- بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم،
 وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.
- 163
- ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە،
 بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
- 164
- ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم،
 بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.
- 165
- ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن،
 هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.
- 166
- ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە،
 ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.
- 167
- گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات،
 چونکە زۆر حەزم لێیەتی.
- 168
- ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم،
 چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.
- ת (تاو)
- 169
- ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت،
 بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.
- 170
- با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت،
 بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.
- 171
- با لێوم ستایشی لێ بڕژێت،
 چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.
- 172
- با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ،
 چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.
- 173
- با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم،
 چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.
- 174
- ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ،
 فێرکردنت شادی منە.
- 175
- با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم،
 حوکمەکانت یارمەتیم بدات.
- 176
- وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم،
 بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ،
 چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.
- a. 119:149 مەبەست لە بڕیاری خودایە بەگوێرەی پەیمانی خۆی بۆ بەخشینی ژیانی هەتاهەتایی بۆ بێتاوانکراوان.

