عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاكه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.
2
با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
3
با بنه‌ماڵه‌ی هارون بڵێن:
«خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
4
با ئه‌وانه‌ی له‌خواترسییان له‌ دڵدایه‌ بڵێن:
«خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
5
له‌ ته‌نگانه‌دا هاواری یه‌زدانم كرد،
به‌ ده‌نگمه‌وه‌ هات و ئازادی كردم.
6
یه‌زدان له‌لای منه‌، ناترسم،
مرۆڤ چیم لێ ده‌كات؟
7
یه‌زدان له‌لای منه‌، له‌گه‌ڵ یارمه‌تیده‌رانم،
سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌یری ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ڕقیان لێمه‌.
8
په‌نابردنه‌ به‌ر یه‌زدان باشتره‌
له‌ پشتبه‌ستن به‌ مرۆڤ.
9
په‌نابردنه‌ به‌ر یه‌زدان باشتره‌
له‌ پشتبه‌ستن به‌ میران.
10
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ئابڵوقه‌یان داوم،
به‌ ناوی یه‌زدان ڕیشه‌كێشیان ده‌كه‌م.
11
ئابڵوقه‌یان داوم و ده‌وریان گرتووم،
به‌ ناوی یه‌زدان ڕیشه‌كێشیان ده‌كه‌م.
12
وه‌ك كووره‌ هه‌نگ تێم ئاڵاون،
وه‌ك ئاگری دڕكوداڵ كوژانه‌وه‌،
به‌ ناوی یه‌زدان ڕیشه‌كێشیان ده‌كه‌م.
13
توند پاڵیان پێوه‌نام بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وم،
به‌ڵام یه‌زدان یارمه‌تی داوم.
14
یه‌زدان هێز و گۆرانی منه‌،
یه‌زدان بووه‌ته‌ ڕزگاریی من.
15
ده‌نگی هه‌لهه‌له‌ و ڕزگاری دێت له‌ خێوه‌تی ڕاستودروستان:
«ده‌سته‌ ڕاستی یه‌زدان كاری ئازایانه‌ ده‌كات،
16
ده‌سته‌ ڕاستی یه‌زدان به‌رز بووه‌ته‌وه‌،
ده‌سته‌ ڕاستی یه‌زدان كاری ئازایانه‌ ده‌كات.»
17
من نامرم، به‌ڵكو ده‌ژیم و
باسی كرداره‌كانی یه‌زدان ده‌كه‌م.
18
یه‌زدان به‌ توندی ته‌مبێی كردم،
به‌ڵام نه‌یدامه‌ ده‌ست مه‌رگ.
19
ده‌رگاكانی ڕاستودروستیم لێ بكه‌نه‌وه‌،
پێیدا ده‌چمه‌ ژووره‌وه‌ و ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌م.
20
ئه‌م ده‌رگایه‌ هی یه‌زدانه‌،
ڕاستودروستان پێیدا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌.
21
ستایشت ده‌كه‌م كه‌ فریام كه‌وتی،
بۆم بووی به‌ ڕزگاری.
22
ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌
بوو به‌ گرنگترین به‌ردی بناغه‌[a] .
23
ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بوو،
له‌به‌رچاومان سه‌یره‌.
24
ئه‌مه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان دروستی كردووه‌،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
25
ئه‌ی یه‌زدان، تكایه‌، ڕزگارمان بكه‌،
ئه‌ی یه‌زدان، تكایه‌، سه‌ركه‌وتوومان بكه‌.
26
پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ دێت،
له‌ ماڵی یه‌زدانه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌تتان بۆ ده‌كه‌ین.
27
یه‌زدان خودامانه‌ و
ڕووناكی پێ به‌خشیوین.
قوربانی جه‌ژن به‌ گوریس ببه‌ستنه‌وه‌
به‌ قۆچه‌كانی قوربانگا.
28
تۆ خودای منیت و منیش ستایشت ده‌كه‌م،
تۆ خودای منیت، به‌ گه‌وره‌ت ده‌زانم.
29
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاكه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.
  1. a. 118‏:22 گرنگترین به‌ردی بناغه‌: به‌ردی قولینچك، به‌ردێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ گۆشه‌ی دیوار داده‌نرێت له‌و به‌ردانه‌ به‌هێزتره‌ كه‌ له‌ دیواره‌كه‌ به‌كاردێت و ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی دیواره‌كه‌.