عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
 - 1
 - ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم،
بێدەنگ مەبە، - 2
 - چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە،
بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن. - 3
 - بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم،
بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن. - 4
 - لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن،
بەڵام من نوێژم کردووە. - 5
 - لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن،
ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم. - 6
 - بەدکارێکی لەسەر دابنێ،
با سکاڵاکار لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستێت. - 7
 - با لە دادگایی تاوانبار بکرێت،
با نوێژی بۆی بە گوناه دابنرێت. - 8
 - با ڕۆژگاری کورت بێت،
یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت! - 9
 - با کوڕەکانی هەتیو بن،
ژنی بێوەژن بێت. - 10
 - با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن،
لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن. - 11
 - با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات،
بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن. - 12
 - با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات،
کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت! - 13
 - با نەوەکانی ببڕێتەوە،
ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە! - 14
 - با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان،
با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە! - 15
 - با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن
هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە! - 16
 - لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت،
بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە. - 17
 - حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو،
با بۆی بێت!
دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن،
با لێی دووربکەوێتەوە! - 18
 - نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو،
وەک ئاو چووە ناو لەشی،
وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی. - 19
 - با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە،
هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت! - 20
 - با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم،
ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن. - 21
 - بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار،
لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە،
دەربازم بکە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە. - 22
 - لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم،
دڵم لە ناخمدا بریندارە. - 23
 - وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم،
وەک کوللە هەڵدەوەرێم. - 24
 - ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن،
لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری. - 25
 - بووم بە سووکایەتی بۆیان،
دەمبینن سەر بادەدەن. - 26
 - ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە،
بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە. - 27
 - با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە،
ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە. - 28
 - ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت،
هەستان و شەرمەزار بوون،
بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو. - 29
 - با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر،
با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن. - 30
 - بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم،
لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم، - 31
 - چونکە ئەو لە دەستەڕاستی نەدار ڕادەوەستێت،
بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن. 

