عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی خودایه‌، ئه‌وه‌ی ستایشت ده‌كه‌م،
بێده‌نگ مه‌به‌،
2
چونكه‌ ده‌می به‌دكار و ده‌می فریوده‌ر لێم كراونه‌ته‌وه‌،
به‌ زمانی درۆ قسه‌م له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
3
به‌ قسه‌ی ڕقه‌وه‌ ده‌وریان گرتووم،
به‌بێ هۆ له‌ دژم ده‌جه‌نگن.
4
له‌ جیاتی خۆشه‌ویستییه‌كه‌م دژایه‌تیم ده‌كه‌ن،
به‌ڵام من ته‌نها نوێژم كردووه‌.
5
له‌ پاداشتی چاكه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن،
ڕقیش له‌ پاداشتی خۆشه‌ویستیم.
6
به‌دكارێكی له‌سه‌ر دابنێ،
با سكاڵاكار له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی ڕاوه‌ستێت.
7
با له‌ دادگایی تاوانبار بكرێت،
پاڕانه‌وه‌ی ببێت به‌ گوناه بۆی.
8
با ڕۆژگاری كورت بێت،
یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ربگرێت!
9
با كوڕه‌كانی هه‌تیو بن،
ژنی بێوه‌ژن بێت.
10
با كوڕه‌كانی سه‌رگه‌ردان بن و سواڵ بكه‌ن،
له‌ ماڵه‌ كاوله‌كانیان ده‌ربكرێن.
11
با هه‌رچی هه‌یه‌تی خاوه‌ن قه‌رز بیبات،
بێگانه‌ش به‌ری ڕه‌نجی تاڵان بكه‌ن.
12
با كه‌س نه‌بێت ده‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ درێژ بكات،
كه‌س نه‌بێت دڵی به‌ هه‌تیوه‌كانی بسووتێت!
13
با نه‌وه‌كانی ببڕێته‌وه‌،
ناوی له‌ نه‌وه‌ی داهاتوو بسڕێته‌وه‌!
14
با تاوانه‌كانی باوباپیرانی بخرێنه‌ به‌رده‌م یه‌زدان،
با گوناهه‌كانی دایكی نه‌سڕێنه‌وه‌!
15
با هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان بن
هه‌تا یادیان له‌سه‌ر زه‌وی ببڕێته‌وه‌!
16
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیری نه‌كرده‌وه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ بنوێنێت،
به‌ڵكو كه‌سی هه‌ژار و نه‌دار و دڵشكاوی ڕاوناوه‌ و كوشتووه‌.
17
حه‌زی له‌ نه‌فره‌ت لێكردن بوو،
با بۆی بێت!
دڵشاد نه‌بوو به‌ داوای به‌ره‌كه‌ت بۆ كردن،
با لێی دووربكه‌وێته‌وه‌!
18
نه‌فره‌تی وه‌ك كراس له‌به‌ركردبوو،
وه‌ك ئاو چووه‌ ناو له‌شی،
وه‌ك ڕۆن چووه‌ ناو ئێسقانه‌كانی.
19
با وه‌ك به‌رگێك بێ له‌ خۆی بیپێچێته‌وه‌،
هه‌میشه‌ وه‌ك پشتێنێك بێ له‌ خۆی بیبه‌ستێت!
20
با ئه‌مه‌ كرێی یه‌زدان بێت بۆ سكاڵاكارانم،
ئه‌وانه‌ی به‌ خراپه‌ له‌ دژی من ده‌دوێن.
21
به‌ڵام تۆ ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگار،
له‌ پێناوی ناوی خۆت چاكه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌،
ده‌ربازم بكه‌ چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت چاكه‌.
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من هه‌ژار و نه‌دارم،
دڵم له‌ ناخمدا برینداره‌.
23
وه‌ك سێبه‌ری ئێواره‌ ده‌ڕۆم،
وه‌ك كولله‌ هه‌ڵده‌وه‌رێم.
24
ئه‌ژنۆم شل بووه‌ له‌به‌ر ڕۆژووگرتن،
له‌شم لاواز بووه‌ له‌ كه‌می چه‌وری.
25
بووم به‌ سووكایه‌تی بۆیان،
ده‌مبینن سه‌ر باده‌ده‌ن.
26
ئه‌ی یه‌زدان، خودای من، یارمه‌تیم بده‌،
به‌گوێره‌ی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت ڕزگارم بكه‌.
27
با بزانن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستی تۆیه‌،
ئه‌ی یه‌زدان، كه‌ تۆ ئه‌مه‌ت كردووه‌.
28
ئه‌وان نه‌فره‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام تۆ به‌ره‌كه‌ت ده‌ده‌یت،
هه‌ستان و شه‌رمه‌زار بوون،
به‌ڵام خزمه‌تكاری تۆ دڵخۆش بوو.
29
با سكاڵاكارانم به‌رگی نامه‌ردی بكه‌نه‌ به‌ر،
با شه‌رمه‌زاری وه‌ك كه‌وا له‌ خۆیان بئاڵێنن.
30
به‌ ده‌می خۆم زۆر سوپاسی یه‌زدان ده‌كه‌م،
له‌نێو خه‌ڵكێكی زۆر ستایشی ده‌كه‌م.
31
چونكه‌ ئه‌و له‌ ده‌سته‌ ڕاستی نه‌دار ڕاده‌وه‌ستێت،
بۆ ڕزگاركردنی له‌وانه‌ی حوكمی به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن.