عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قسەی ئاگور
 - 1
 - قسەکانی ئاگوری کوڕی یاقە ئەم سروشە لەخۆ دەگرێت.
ئەم پیاوە بە ئیتیێلی[a] ڕاگەیاند:
ئەی خودایە، من شەکەتم،
بەڵام دەتوانم بەسەریدا زاڵ بم. - 2
 - «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،
تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە. - 3
 - فێری دانایی نەبووم و
ناسینی خودای پیرۆزم نییە. - 4
 - کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟
کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟
کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟
کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟
ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟
ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ! - 5
 - «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،
قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. - 6
 - هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،
نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت. - 7
 - «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،
لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم: - 8
 - شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،
هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،
بەڵام نانی پێویستی خۆم پێ بدە، - 9
 - نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و
بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“
یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و
ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم. - 10
 - «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی،
نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت. - 11
 - «نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و
دایکی پیرۆز ناکات. - 12
 - نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە،
بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی. - 13
 - نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و
بەرز دەڕوانێت. - 14
 - نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و
کاکیلەکانی چەقۆن،
بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و
نەدارەکان لەنێو خەڵکی. - 15
 - «زەروو[b]  دوو کچی هەیە،
هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“
«سێ شت هەن تێر نابن،
چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“: - 16
 - جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و
زەوییەک تێر ئاو نەبێت و
ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“ - 17
 - «ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و
سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک،
قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و
بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن. - 18
 - «سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من،
چوارەمیش تێناگەم: - 19
 - ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان،
ڕێگای مار لەسەر بەرد،
ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و
ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ. - 20
 - «ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە:
دەخوات[c] و دەمی دەسڕێتەوە و
دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“ - 21
 - «زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و
لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت، - 22
 - خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا،
گێلێک کە تێر نان بێت، - 23
 - ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات،
کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی. - 24
 - «چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن
بەڵام لە دانایان داناترن: - 25
 - مێروولەکان بوونەوەرێکی بێهێزن،
بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن. - 26
 - گۆڕهەڵکەنەکان گیانلەبەرێکی بێ توانان،
بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن. - 27
 - کوللەکان پاشایان نییە،
بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن. - 28
 - مارمێلکە بەدەست دەگیردرێت،
بەڵام لە کۆشکی پاشادا دەبینرێت. - 29
 - «سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و
چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە: - 30
 - شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە،
لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە، - 31
 - کەڵەشێری بە فیز، تەگە،
پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی. - 32
 - «ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت،
یان پیلانی خراپت نایەوە،
دەستت بخەرە سەر دەمت! - 33
 - چونکە وەک چۆن شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت و
لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت،
تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.» 
- a. 30:1 ئیتیێل: بڕوانە نەحەمیا 11:7.
 - b. 30:15 زەروو یان زێروو، جۆرە کرمێکی مشەخۆرە، هەروەها لە چارەسەرکردنی نەخۆشی بۆ مژینی خوێن بەکاردێت.
 - c. 30:20 مەبەست لێی جووت دەبێت.
 

