عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رزه‌نشت بكرێت و هه‌ر كه‌لله‌ڕه‌ق بێت،
له‌ناكاو تێكده‌شكێت و چاره‌سه‌ریشی نابێت.
2
كاتێك ڕاستودروستان زۆر بن گه‌ل دڵخۆش ده‌بێت،
كه‌ به‌دكار فه‌رمانڕه‌وا بێت گه‌ل ده‌ناڵێنێت.
3
ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌ دانایی بكات باوكی دڵخۆش ده‌كات،
هاوڕێی له‌شفرۆشانیش سامان به‌فیڕۆ ده‌دات.
4
پاشا به‌ دادوه‌ری وڵات ڕاده‌گرێت،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌دوای پاره‌ بكه‌وێت وێرانی ده‌كات.
5
ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ی زمانلووسی بكات
داو له‌به‌رپێی ده‌نێته‌وه‌.
6
له‌ گوناهی پیاوخراپ ته‌ڵه‌ هه‌یه‌،
به‌ڵام كه‌سی ڕاستودروست گۆرانی ده‌ڵێت و دڵخۆش ده‌بێت.
7
كه‌سی ڕاستودروست گرنگی به‌ مافی هه‌ژار ده‌دات،
به‌ڵام به‌دكار ئه‌و گرنگییه‌ تێناگات.
8
گاڵته‌جاڕان شار ده‌خه‌نه‌ ئاژاوه‌وه‌،
به‌ڵام دانایان تووڕه‌یی كپ ده‌كه‌نه‌وه‌.
9
ئه‌گه‌ر پیاوێكی دانا گێلێك بداته‌ دادگا،
گێله‌كه‌ تووڕه‌ بێت یان گاڵته‌ی پێ بێت، به‌ڵام ئاشتی نابێت.
10
خوێنڕێژان ڕقیان له‌ كه‌سی دروست ده‌بێته‌وه‌،
به‌ڵام سه‌رڕاستان ژیانی ده‌پارێزن.
11
گێل هه‌رچی تووڕه‌یی له‌ دڵدایه‌ ده‌ریده‌بڕێت،
به‌ڵام دانا خۆی ده‌گرێت.
12
ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌ك گوێ له‌ قسه‌ی درۆ بگرێت،
هه‌موو خزمه‌تكاره‌كانی ده‌بنه‌ به‌دكار.
13
هه‌ژار له‌گه‌ڵ زۆردار له‌مه‌دا له‌ یه‌كتری ده‌چن:
یه‌زدان ڕووناكی به‌ چاوی هه‌ردووكیان ده‌دات.
14
ئه‌گه‌ر پاشایه‌ك به‌ ڕاستی دادوه‌ری هه‌ژاران بكات،
ته‌خته‌كه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌چه‌سپێت.
15
داری ته‌مبێكردن دانایی ده‌به‌خشێت،
به‌ڵام منداڵ جڵه‌وی به‌ربدرێت دایكی خۆی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
16
كاتێك به‌دكاران گه‌شه‌ ده‌كه‌ن گوناه زۆر ده‌بێت،
به‌ڵام ڕاستودروستان كه‌وتنیان ده‌بینن.
17
كوڕه‌كه‌ت ته‌مبێ بكه‌ ده‌تحه‌سێنێته‌وه‌،
چێژ ده‌داته‌ گیانت.
18
به‌بێ سروش[a] گه‌ل به‌ڕه‌ڵا ده‌بێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ته‌ورات په‌یڕه‌و بكات خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازرێت.
19
خزمه‌تكار ته‌نها به‌ قسه‌ ته‌مبێ نابێت،
هه‌رچه‌نده‌ تێده‌گات، به‌ڵام گوێی ناداتێ.
20
ئه‌و كه‌سه‌ت بینیوه‌ به‌ په‌له‌یه‌ له‌ قسه‌كانی؟
گێل له‌و زیاتر ئومێدی پێ ده‌كرێت.
21
ئه‌وه‌ی خزمه‌تكاره‌كه‌ی له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌ ناز ڕابگرێت،
له‌ كۆتاییدا لێی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
22
كه‌سی تووڕه‌ ناكۆكی ده‌وروژێنێت،
كه‌سی هه‌ڵچووش گوناهی زۆره‌.
23
لووتبه‌رزی مرۆڤ خۆی نزم ده‌كاته‌وه‌،
به‌ڵام بێفیز ڕێزدار ده‌بێت.
24
هاوبه‌شی دز ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌،
سوێند ده‌خوات و دانی پێدا نانێت.
25
ترسی مرۆڤ ته‌ڵه‌ ده‌نێته‌وه‌،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستێت په‌ناگیر ده‌بێت.
26
زۆر كه‌س داوای ڕه‌زامه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایان ده‌كه‌ن،
به‌ڵام مرۆڤ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ دادپه‌روه‌ری به‌ده‌ستده‌هێنێت.
27
قێزی ڕاستودروستان له‌ كه‌سی ناڕه‌وایه‌،
قێزی به‌دكاریش له‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێگای ڕاسته‌.
  1. a. 29‏:18 فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.