عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،
ڕێزیش لە زێڕ و زیو باشترە.
2
دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،
دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
3
ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
4
پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی
دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.
5
چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە،
بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.
6
منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت،
پیریش بێت لێی لا نادات.
7
دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات،
قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.
8
ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،
کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.
9
ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،
چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.
10
گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات،
دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.
11
ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت،
پاشا دەبێتە دۆستی.
12
چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات،
بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.
13
تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە!
ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»
14
دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە،
ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.
15
گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە،
بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.
16
ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و
ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.
قسەی دانایان 
17
گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە،
دڵت بدە زانیاری من،
18
چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و
تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
19
بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت،
ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
20
ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی
سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
21
بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم،
هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟
22
هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و
نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
23
چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و
ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.
24
مەبە برادەری کەسی تووڕە،
هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،
25
نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت،
خۆت تووشی تەڵە بکەیت.
26
لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن[a] ،
دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.
27
ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە،
بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.
28
سنووری کۆن مەگوازەوە،
ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.
29
ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟
لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت[b] ،
نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.
  1. a. 22‏:26 تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.‏
  2. b. 22‏:29 کارکردن لەنێو دەستەی خزمەتکارانی پاشا.‏