عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كه‌ دانیشتی له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌ك نان بخۆیت،
باش وردبه‌ره‌وه‌ له‌وه‌ی له‌پێشته‌.
2
چه‌قۆیه‌ك له‌ گه‌رووت دابنێ،
ئه‌گه‌ر تۆ نه‌وسنی.
3
ئاره‌زووی خواردنه‌ خۆشه‌كانی مه‌كه‌،
چونكه‌ ئه‌م نانه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌.
4
خۆت ماندوو مه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بیت،
به‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ وازی لێ بهێنه‌.
5
چاو له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌بڕیت و نییه‌،
چونكه‌ بێگومان باڵ ده‌گرێت،
وه‌ك هه‌ڵۆ به‌ره‌و ئاسمان ده‌فڕێت.
6
نانی كه‌سی به‌رچاوته‌نگ مه‌خۆ،
ئاره‌زووی خواردنه‌ خۆشه‌كانی مه‌كه‌.
7
چونكه‌ جۆره‌ كه‌سێكه‌
هه‌رده‌م بیری له‌لای تێچوونه‌كانه‌،
پێت ده‌ڵێت: «بخۆ و بنۆشه‌.»
به‌ڵام دڵی له‌گه‌ڵت نییه‌.
8
ئه‌و پارووه‌ی خواردووته‌ ده‌یڕشێنیته‌وه‌ و
قسه‌ شیرینه‌كانت به‌ با ده‌ده‌یت.
9
قسه‌ بۆ گێل مه‌كه‌،
چونكه‌ گاڵته‌ی به‌ دانایی قسه‌كانت دێت.
10
سنووره‌ كۆنه‌كان مه‌گوازه‌وه‌،
هه‌روه‌ها مه‌چووه‌ ناو كێڵگه‌ی هه‌تیوان،
11
چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانپارێزێت به‌ توانایه‌،
ئه‌و به‌رگری له‌ كێشه‌كه‌یان ده‌كات له‌ دژی تۆ.
12
دڵت ئاراسته‌ی ته‌مبێكردن بكه‌ و
گوێشت به‌ره‌و قسه‌ی زانیاری.
13
ڕێگری له‌ ته‌مبێكردنی منداڵ مه‌كه‌،
ئه‌گه‌ر به‌ گۆچان لێی بده‌یت نامرێت.
14
تۆ به‌ گۆچان لێی بده‌یت،
گیانی له‌ مردن ده‌رباز ده‌بێت.
15
ڕۆڵه‌، ئه‌گه‌ر دڵت دانایه‌،
منیش دڵم خۆش ده‌بێت.
16
ناخم شادمان ده‌بێت،
كه‌ لێوه‌كانت ڕاستییه‌كان ده‌ڵێن.
17
دڵت ئیره‌یی به‌ گوناهباران نه‌بات،
به‌ڵكو به‌ درێژایی ڕۆژ به‌ په‌رۆش به‌ بۆ له‌خواترسی.
18
چونكه‌ بێگومان دواڕۆژت ده‌بێت،
ئومێدی تۆ نابڕێت.
19
ڕۆڵه‌، تۆ گوێ بگره‌ و دانابه‌،
دڵت به‌ره‌و ڕێگای ڕاستی ئاراسته‌ بكه‌.
20
له‌وانه‌ مه‌به‌ كه‌ شه‌راب زۆر ده‌خۆنه‌وه‌،
یان ئه‌وانه‌ی گۆشت زۆر ده‌خۆن،
21
چونكه‌ مه‌یخۆر و زۆر خۆر هه‌ژار ده‌بن،
ئه‌وه‌ی زۆر بخه‌وێت پینه‌وپه‌ڕۆ له‌به‌ر ده‌كات.
22
گوێ له‌ باوكت بگره‌ كه‌ تۆی خستووه‌ته‌وه‌،
دایكت كه‌ پیر بوو گاڵته‌ی پێ مه‌كه‌.
23
ڕاستی بكڕه‌ و مه‌یفرۆشه‌،
هه‌روه‌ها دانایی و ته‌مبێكردن و تێگه‌یشتن.
24
باوكی كه‌سی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش ده‌بێت،
ئه‌وه‌ی كوڕێكی دانای ببێت پێی شادمان ده‌بێت.
25
با دایك و باوكت شادمان بن،
ئه‌وه‌ی تۆی بووه‌ دڵخۆش بێت.
26
ڕۆڵه‌، دڵی خۆتم بده‌رێ،
با چاوه‌كانت له‌سه‌ر ڕێگاكانم بێت،
27
چونكه‌ له‌شفرۆش چاڵێكی قووڵه‌ و
ژنی داوێنپیس بیرێكی ته‌نگه‌.
28
ته‌نانه‌ت ئه‌ویش وه‌ك چه‌ته‌ له‌ بۆسه‌دا ده‌بێت،
ناپاك[a] له‌نێو خه‌ڵك زۆر ده‌كات.
29
واوه‌یلا بۆ كێیه‌؟ په‌ژاره‌یی بۆ كێیه‌؟
ناكۆكی بۆ كێیه‌؟ سكاڵاكردن بۆ كێیه‌؟
برینی به‌خۆڕایی بۆ كێیه‌؟ چاو سووربوونه‌وه‌ بۆ كێیه‌؟
30
بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ دیار شه‌رابه‌وه‌ له‌نگه‌ر ده‌گرن،
ئه‌وانه‌ی شه‌رابی تێكه‌ڵاو تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌.
31
ته‌ماشای شه‌راب مه‌كه‌ به‌ ڕه‌نگی سووری،
كه‌ له‌ناو جام پڕشنگی داوه‌،
به‌ سووكی ده‌چێته‌ خواره‌وه‌!
32
له‌ كۆتاییه‌كه‌ی وه‌ك مار ده‌تگه‌زێت و
وه‌ك تووله‌مار پێته‌وه‌ده‌دات.
33
چاوه‌كانت شتی نامۆ ده‌بینن و
وڕێنه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌كه‌یت.
34
وه‌ك یه‌كێك ده‌بیت له‌ناو دڵی ده‌ریا پاڵكه‌وتبێت،
یان وه‌ك یه‌كێك به‌سه‌ر دارئاڵای كه‌شتییه‌وه‌ پاڵكه‌وتبێت.
35
ده‌ڵێی: «لێیان دام، ئازارم نه‌بوو!
كوتامیان، نه‌مزانی!
كه‌ی به‌ هۆش خۆم دێمه‌وه‌،
هه‌تا به‌رده‌وام بم و بخۆمه‌وه‌؟»
  1. a. 23‏:28 ناپاكی هاوسه‌ریێتی.