عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیره‌یی به‌ پیاوخراپان مه‌به‌،
ئاره‌زوو مه‌كه‌ له‌گه‌ڵیاندا بیت،
2
چونكه‌ دڵیان پیلانی زۆرداری ده‌كێشێت و
لێوه‌كانیان باسی گرفتنانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
3
به‌ دانایی ماڵ بنیاد ده‌نرێت،
به‌ تێگه‌یشتنیش ده‌چه‌سپێت،
4
به‌ زانیاریش ژووره‌كان پڕ ده‌بن
له‌ هه‌موو گه‌نجینه‌یه‌كی به‌ نرخ و جوان.
5
پیاوی دانا به‌توانایه‌،
كه‌سی زانا هێزی زیاد ده‌بێت.
6
چونكه‌ به‌ ڕاوێژه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌یت،
سه‌ركه‌وتنیش به‌ زۆری ئامۆژگارانه‌.
7
دانایی به‌رزه‌ بۆ گێل،
له‌ كۆڕی ناو ده‌روازه‌دا[a] ده‌می لێك ناكاته‌وه‌.
8
ئه‌وه‌ی بیر له‌ خراپه‌ بكاته‌وه‌،
به‌ ته‌ڵه‌كه‌باز ناوده‌بردرێت.
9
پیلانی گێلایه‌تی گوناهه‌،
خه‌ڵك قێزیان له‌ گاڵته‌جاڕه‌.
10
ئه‌گه‌ر وره‌ به‌رده‌یت له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌،
كه‌م هێزیت!
11
ئه‌وانه‌ ده‌رباز بكه‌ كه‌ بۆ مردن ده‌بردرێن و
له‌وانه‌ی بۆ سه‌ربڕین پاڵخراون، كه‌مته‌رخه‌م مه‌به‌.
12
ئه‌گه‌ر بڵێی: «ئه‌وه‌تا ئه‌مه‌م نه‌زانیوه‌،»
ئایا هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری دڵه‌كان تێناگات؟
ئه‌وه‌ی گیانت ده‌پارێزێت ئایا نازانێت؟
ئایا سزای مرۆڤ به‌پێی كرده‌وه‌كانی ناداته‌وه‌؟
13
ڕۆڵه‌، هه‌نگوین بخۆ چونكه‌ باشه‌ و
شیله‌ی هه‌نگوین له‌ گه‌رووت شیرینه‌،
14
هه‌روه‌ها بزانه‌ دانایی بۆ گیانت به‌م جۆره‌یه‌.
ئه‌گه‌ر دانایی بدۆزیته‌وه‌ دواڕۆژت ده‌بێت و
ئومێدبڕ نابیت.
15
وه‌ك خراپه‌كار خۆت مه‌ڵاس مه‌ده‌ بۆ ماڵی كه‌سی ڕاستودروست،
هه‌ڵمه‌كوته‌ سه‌ر جێی حه‌سانه‌وه‌ی،
16
چونكه‌ كه‌سی ڕاستودروست حه‌وت جار ده‌كه‌وێت و هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌،
به‌ڵام كاره‌سات به‌دكاران تێكده‌شكێنێت.
17
به‌ ساتمه‌كردنی دوژمنت شاد مه‌به‌،
به‌ كه‌وتنیشی دڵت خۆش نه‌بێت،
18
نه‌وه‌ك یه‌زدان ببینێت و به‌لایه‌وه‌ خراپ بێت،
جا تووڕه‌یی خۆی لێ بگێڕێته‌وه‌.
19
مه‌راق له‌ خراپه‌كاران مه‌خۆ،
ئیره‌یی به‌ به‌دكاران مه‌به‌،
20
چونكه‌ خراپه‌كار دواڕۆژی نابێت و
چرای به‌دكاران ده‌كوژێته‌وه‌.
21
ڕۆڵه‌، له‌ یه‌زدان و پاشا بترسه‌،
تێكه‌ڵی یاخیبووه‌كان مه‌به‌،
22
چونكه‌ به‌ڵایان له‌پڕ دێت،
به‌ڵای هه‌ردووكیان كێ ده‌یزانێت؟
قسه‌ی دیكه‌ی دانایان 
23
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش قسه‌ی دانایانه‌:
لایه‌نگریكردن له‌ دادوه‌ری باش نییه‌.
24
ئه‌وه‌ی به‌ به‌دكار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»
گه‌لان نه‌فره‌تی لێ ده‌كه‌ن و نه‌ته‌وه‌كان تاوانباری ده‌كه‌ن.
25
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌دكار تاوانبار ده‌كه‌ن ده‌كه‌ونه‌ خۆشی و
به‌ره‌كه‌تی باشیان به‌سه‌ردا ده‌ڕژێت.
26
وه‌ڵامی ڕاست
وه‌ك ماچی لێوه‌.
27
كاروباری خۆت له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاپه‌ڕێنه‌ و
له‌ كێڵگه‌كه‌ت ئاماده‌ی بكه‌،
دوای ئه‌مه‌ ماڵی خۆت بنیاد بنێ.
28
به‌بێ هۆ له‌ دژی دراوسێكه‌ت شایه‌تی مه‌ده‌،
به‌ لێوه‌كانت فێڵ مه‌كه‌.
29
مه‌ڵێ: «چی لێكردووم، ئاوای لێ ده‌كه‌م،
سزای ئه‌و پیاوه‌ به‌پێی كرده‌وه‌كه‌ی ده‌ده‌مه‌وه‌.»
30
به‌لای كێڵگه‌ی پیاوی ته‌مبه‌ڵ تێپه‌ڕیم،
به‌لای ڕه‌زه‌مێوی كه‌سی تێنه‌گه‌یشتووش.
31
چقڵ هه‌مووی داگرتبوو،
گه‌زگه‌زكه‌ هه‌مووی داپۆشی بوو،
كه‌ڵه‌كه‌ به‌رده‌كانی ڕووخابوو.
32
ته‌ماشام كرد و له‌ دڵی خۆمدا لێكم دایه‌وه‌،
بینیم و وانه‌م لێ وه‌رگرت:
33
كه‌مێك خه‌وتن، كه‌مێك خه‌واڵووبوون،
كه‌مێكیش ده‌ست تێكنان بۆ ڕاكشان،
34
ئینجا هه‌ژاریت وه‌ك چه‌ته‌ دێت،
نه‌بوونیشت وه‌ك چه‌كدار.
  1. a. 24‏:7 مه‌به‌ست له‌ كۆڕی خه‌ڵكی شاره‌ بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ گرنگه‌كان.