عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌نده‌كانی دیكه‌ی سلێمان 
1
ئه‌مانه‌ش هه‌ر په‌ندی سلێمانن كه‌ پیاوه‌كانی حه‌زقیای پاشای یه‌هودا نووسیویانه‌ته‌وه‌:
2
شكۆمه‌ندی خودا له‌ شاردنه‌وه‌ی بابه‌تدایه‌،
ڕێزداری پاشایان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تدایه‌.
3
هه‌روه‌ك ئاسمان بۆ به‌رزییه‌ و زه‌وی بۆ قووڵییه‌،
دڵی پاشایانیش ناپشكنرێت.
4
خڵت له‌ زیو داماڵه‌،
ئه‌و كاته‌ ده‌توانرێت كه‌ره‌سته‌ی لێ دروستبكرێت.
5
به‌دكار له‌به‌رده‌م پاشا داماڵه‌،
به‌ ڕاستودروستی ته‌خته‌كه‌ی ده‌چه‌سپێت.
6
له‌به‌رده‌م پاشا خۆت به‌رز مه‌كه‌ره‌وه‌،
له‌ شوێنی گه‌وره‌ پیاوان ڕامه‌وه‌سته‌.
7
وا چاكتره‌ پێت بگوترێت: «سه‌ربكه‌وه‌ بۆ ئێره‌،»
نه‌ك له‌لای میر ته‌ریق بیته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆت بینیت،
8
خێرا مه‌یبه‌ بۆ دادگا،
چونكه‌ له‌ كۆتاییه‌كه‌ی چی ده‌كه‌یت
ئه‌گه‌ر دراوسێكه‌ت شه‌رمه‌زاری كردیت؟
9
كه‌ باسی كێشه‌كه‌ت ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ت،
نهێنی خه‌ڵكی دیكه‌ مه‌دركێنه‌،
10
نه‌وه‌ك گوێگرێك شه‌رمه‌زارت بكات،
جا ناوه‌ زڕاوه‌كه‌ت لێ نابێته‌وه‌.
11
سێوێكی زێڕه‌ و له‌ زیو گیراوه‌،
ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌ كاتی خۆیدا ده‌كرێت.
12
وه‌ك گواره‌ی زێڕه‌ و خشڵی زێڕی بێگه‌رده‌،
سه‌رزه‌نشتی دانا بۆ گوێی بیسه‌ر.
13
وه‌ك ساردی به‌فره‌ له‌ ڕۆژی دروێنه‌دا،
نوێنه‌ری ده‌ستپاك بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ینێرن،
دڵی گه‌وره‌كانی فێنك ده‌كاته‌وه‌.
14
هه‌ور و بای بێ بارانه‌،
ئه‌وه‌ی شانازی به‌ دیاری بكات و نه‌یبه‌خشێت.
15
به‌ نه‌سره‌وتن فه‌رمانڕه‌وا قایل ده‌كرێت،
زمانی نه‌رمیش ئێسك ده‌شكێنێت.
16
ئه‌گه‌ر هه‌نگوینت دۆزییه‌وه‌ به‌گوێره‌ی پێویست بیخۆ،
ئه‌گینا پڕ ده‌بیت و ده‌یڕشێنیته‌وه‌.
17
به‌ كه‌می پێت له‌ ماڵی دراوسێكه‌ت دابنێ،
ئه‌گینا لێت تێر ده‌بێت و ڕقی لێت ده‌بێته‌وه‌.
18
وه‌ك كوته‌ك و شمشێر و تیری تیژه‌،
ئه‌وه‌ی شایه‌تی درۆ له‌سه‌ر دراوسێكه‌ی بدات.
19
وه‌ك ددانی كلۆر و قاچی له‌جێ‌چووه‌،
پشتبه‌ستن به‌ ناپاك له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا.
20
وه‌ك داكه‌ندنی به‌رگ له‌ ڕۆژی سه‌رمادا،
یان سركه‌یه‌ به‌سه‌ر سۆده‌دا،[a]
چڕینی گۆرانی بۆ دڵته‌نگ.
21
ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كه‌ت برسی بوو نانی ده‌رخوارد بده‌،
ئه‌گه‌ر تینووی بوو ئاوی بده‌رێ.
22
به‌مه‌ پشكۆ له‌سه‌ر سه‌ری كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌یت،[b]
یه‌زدانیش پاداشتت ده‌داته‌وه‌.
23
بای باكوور باران ده‌هێنێت،
زمانی پاشمله‌ش ڕووی گرژ.
24
باشتره‌ له‌ گۆشه‌ی سه‌ربانێك نیشته‌جێ بیت،
نه‌ك ماڵێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژنێكی شه‌ڕانی.
25
وه‌ك ئاوی سارده‌ بۆ گیانێكی شه‌كه‌ت،
هه‌واڵی خۆش له‌ وڵاتێكی دوور.
26
وه‌ك كانییه‌كی لێڵ و بیرێكی بۆگه‌نه‌،
ئه‌و كه‌سه‌ ڕاستودروسته‌ی له‌به‌رده‌م به‌دكار كۆڵ ده‌دات.
27
زۆر خواردنی هه‌نگوین باش نییه‌،
ڕێزدار نابێت ئه‌وه‌ی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی ده‌كات.
28
وه‌ك شارێكی ڕووخاوی بێ شوورایه‌،
ئه‌و پیاوه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ نه‌بێت.
  1. a. 25‏:20 له‌ تێكه‌ڵكردنی سركه‌ و سۆده‌دا كارلێكی كیمیایی ڕووده‌دات، هه‌ڵده‌چێت و ئۆكسجینی لێ ده‌رده‌چێت.
  2. b. 25‏:22 به‌م كاره‌ شه‌رمه‌زار ده‌بێت و په‌شیمانی ده‌كه‌یته‌وه‌.