عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سوودی دانایی 
1
ڕۆڵه‌، ئه‌گه‌ر قسه‌كانم وه‌ربگریت،
فه‌رمانه‌كانم له‌لای خۆت هه‌ڵبگریت،
2
هه‌تا گوێ بده‌یته‌ دانایی و
دڵت بده‌یته‌ تێگه‌یشتن،
3
ئه‌گه‌ر بانگی په‌یبردن بكه‌یت و
ده‌نگ بۆ تێگه‌یشتن هه‌ڵبڕیت،
4
ئه‌گه‌ر وه‌ك زیو داوات كرد و
وه‌ك خشڵی شاردراوه‌ به‌دوایدا گه‌ڕایت،
5
ئه‌وسا له‌ واتای له‌خواترسی ده‌گه‌یت و
ناسینی خودا ده‌دۆزیته‌وه‌.
6
چونكه‌ یه‌زدان دانایی ده‌به‌خشێت،
زانیاری و تێگه‌یشتنیش له‌ ده‌می ئه‌وه‌.
7
دانایی ته‌واو بۆ سه‌رڕاسته‌كان هه‌ڵده‌گرێت و
قه‌ڵغانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ڕێگای ته‌واوه‌تی ده‌گرنه‌به‌ر،
8
بۆ چاودێری ڕێچكه‌ی دادپه‌روه‌ری و
پاراستنی ڕێگای خۆشه‌ویستانی.
9
ئینجا ڕاستودروستی و دادپه‌روه‌ری و ڕاسته‌ڕێیی تێده‌گه‌یت،
هه‌موو ڕێڕه‌وێكی چاك.
10
چونكه‌ دانایی دێته‌ ناو دڵته‌وه‌ و
زانیاریش ده‌بێته‌ خۆشی ده‌روونت.
11
سه‌لیقه‌ ده‌تپارێزێت و
تێگه‌یشتن چاودێریت ده‌كات.
12
بۆ فریاكه‌وتنت له‌ ڕێگای خراپه‌ و
له‌و كه‌سه‌ی قسه‌ی خوار ده‌كات،
13
ئه‌وانه‌ی ڕێچكه‌ی ڕاستیان به‌رداوه‌
تاكو به‌ ڕێگای تاریكیدا بڕۆن،
14
ئه‌وانه‌ی دڵخۆشن به‌ خراپه‌كردن،
دڵشاد ده‌بن به‌ خواروخێچیێتی خراپه‌،
15
ئه‌وانه‌ی ڕێچكه‌كانیان چه‌وتن،
گه‌وجن له‌ ڕێڕه‌ویان.
16
هه‌روه‌ها بۆ فریاكه‌وتنته‌ له‌ ژنی به‌دڕه‌وشت،
له‌ ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
17
ئه‌وه‌ی وازی له‌ مێردی گه‌نجییه‌تی هێناوه‌ و
په‌یمانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودای له‌بیر كردووه‌.
18
چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و خواره‌وه‌ ده‌چێت بۆ مردن و
ڕێڕه‌وه‌كانی به‌ره‌و دنیای مردووانه‌.
19
هه‌موو ئه‌وانه‌ی بچنه‌ لای ناگه‌ڕێنه‌وه‌ و
ناگه‌نه‌ ڕێچكه‌ی ژیان.
20
كه‌واته‌ به‌ ڕێگای پیاوچاكاندا بڕۆ و
ڕێچكه‌ی ڕاستودروستان بپارێزه‌.
21
چونكه‌ سه‌رڕاستان له‌سه‌ر زه‌وی[a] نیشته‌جێ ده‌بن و
ته‌واوه‌كان تێیدا ده‌مێننه‌وه‌.
22
به‌ڵام خراپه‌كاران له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بڕێنه‌وه‌ و
ناپاكانیش تێیدا ڕیشه‌كێش ده‌كرێن.
  1. a. 2‏:21 مه‌به‌ستی خاكی به‌ڵێنپێدراوه‌ به‌ ئیبراهیم.