عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە،
بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە.
2
گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت،
بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە.
3
بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت،
لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی.
4
قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە،
بەڵام سەرچاوەی دانایی کانیاوێکی هەڵقوڵاوە.
5
نە لایەنگری خراپەکار باشە،
نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری.
6
لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە،
دەمی بانگی لێدان دەکات.
7
دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی،
لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی.
8
قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.
9
ئەوەی سست بێت لە کارەکەی
برای وەستای وێرانکردنە.
10
ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە،
کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.
11
سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو.
12
پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە،
بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە.
13
ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی
دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی.
14
ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت،
بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟
15
دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت،
گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات.
16
دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و
بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات.
17
ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت،
هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە.
18
تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و
بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
19
خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە،
ناکۆکیش وەک شمشیرەی[a] دەروازەی قەڵایە.
20
لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت،
لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات.
21
مردن و ژیان بە دەست زمانە،
ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.
22
ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت،
ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
23
هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە،
بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە.
24
پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات،
بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.
  1. a. 18‏:19 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏