عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
باشتره‌ پارووێكی وشك به‌ ئارامییه‌وه‌
له‌ ماڵێكی پڕ له‌ خوانی ئاماده‌كراو، به‌ ناكۆكی.
2
به‌نده‌ی وریا به‌سه‌ر كوڕی شه‌رمه‌زاردا زاڵ ده‌بێت و
له‌گه‌ڵ برایانی میرات به‌شده‌كات.
3
بۆته‌[a] بۆ زیوه‌ و كووره‌ بۆ زێڕ،
یه‌زدانیش دڵ تاقی ده‌كاته‌وه‌.
4
به‌دكار گوێ له‌ لێوی خراپ ده‌گرێت،
درۆزنیش گوێ ده‌داته‌ زمانی گرفتخواز.
5
ئه‌وه‌ی گاڵته‌ به‌ هه‌ژار بكات سووكایه‌تی به‌ دروستكه‌ره‌كه‌ی ده‌كات،
ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا ده‌رناچێت.
6
منداڵی منداڵ تاجی پیرانه‌،
شانازی كوڕانیش باوكانن.
7
قسه‌ی نه‌سته‌ق له‌ گێل ناوه‌شێته‌وه‌،
له‌وه‌ش زیاتر قسه‌ی درۆ له‌ میر.
8
به‌رتیل به‌ردی گرانبه‌هایه‌ له‌به‌رچاوی خاوه‌نه‌كه‌ی،
ڕوو له‌ هه‌ر لایه‌ك بكات سه‌رده‌كه‌وێت.
9
ئه‌وه‌ی تاوان داده‌پۆشێت په‌ره‌ به‌ خۆشه‌ویستی ده‌دات،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی بابه‌ته‌كه‌ بكاته‌وه‌ دۆستی نزیك له‌ یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌.
10
سه‌رزه‌نشتكردنێك بۆ تێگه‌یشتوو
قووڵتره‌ له‌ سه‌د جار داركاریكردن بۆ گێل.
11
كه‌سی خراپ ته‌نها داواكاری یاخی بوونه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ فریشته‌ی مه‌رگی بۆ ده‌نێردرێت.
12
باشتره‌ تووشی ده‌ڵه‌ورچێكی سك سووتاو بیت،
نه‌ك گێلێك له‌ گێلایه‌تییه‌كه‌ی خۆی.
13
ئه‌وه‌ی پاداشتی چاكه‌ به‌ خراپه‌ بداته‌وه‌،
خراپه‌ ماڵی به‌رنادات.
14
ده‌ستپێكردنی ناكۆكی وه‌ك ته‌قینی به‌نداوه‌،
جا پێش ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كه‌ بته‌قێته‌وه‌ وازی لێبهێنه‌.
15
بێتاوانكردنی خراپه‌كار و تاوانباركردنی ڕاستودروست،
هه‌ردووك قێزه‌ونن له‌لای یه‌زدان.
16
بۆچی پاره‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست پیاوی گێل؟
كه‌ ئاره‌زووی نییه‌ بۆ كڕینی دانایی!
17
براده‌ر هه‌موو كاتێك خۆشه‌ویستی خۆی ده‌رده‌بڕێت،
براش بۆ ته‌نگانه‌ له‌دایك ده‌بێت.
18
كه‌سی تێنه‌گه‌یشتوو ته‌وقه‌ ده‌كات[b] و
به‌ ته‌واوی ده‌بێته‌ كه‌فیلی دراوسێكه‌ی.
19
ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌ ناكۆكی بكات حه‌ز له‌ گوناه ده‌كات،
ئه‌وه‌ی ده‌رگای خۆی بڵند بكات داوای شكان ده‌كات.
20
ئه‌وه‌ی دڵخراپ بێت چاكه‌ نایه‌ته‌ ڕێی،
ئه‌وه‌ی زمان خوار بێت تووشی خراپه‌ ده‌بێت.
21
ئه‌وه‌ی گێلی ببێت تووشی خه‌فه‌ت ده‌بێت،
باوكی ڕۆڵه‌ی ده‌به‌نگیش دڵخۆشی نابینێت.
22
دڵی شادمان ته‌ندروستی ده‌به‌خشێت،
به‌ڵام ڕۆحی تێكشكاو ئێسك وشك ده‌كات.
23
به‌دكار به‌ نهێنی به‌رتیل وه‌رده‌گرێت
تاكو ڕێچكه‌ی دادپه‌روه‌ری خوار بكاته‌وه‌.
24
كه‌سی تێگه‌یشتوو چاوی له‌سه‌ر داناییه‌،
به‌ڵام گێل چاوده‌بڕێته‌ ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی.
25
كوڕی گێل خه‌مه‌ بۆ باوكی و
تاڵییه‌ بۆ ئه‌و دایكه‌ی لێی بووه‌.
26
پێبژاردن به‌ كه‌سی ڕاستودروست باش نییه‌،
هه‌روه‌ها داركاریكردنی كه‌سی خانه‌دان له‌به‌ر ده‌ستپاكی.
27
ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی ڕاگرێت خاوه‌ن زانیارییه‌،
ئه‌وه‌ی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگه‌یشتنه‌.
28
ته‌نانه‌ت گێلیش كه‌ بێده‌نگ بێت به‌ دانا داده‌نرێت،
ئه‌وه‌ی لێویشی لێك نه‌كاته‌وه‌ به‌ تێگه‌یشتوو.
  1. a. 17‏:3 ده‌فرێكی كانزایی سه‌خته‌ بۆ تواندنه‌وه‌ی كانزای دیكه‌ تێیدا به‌كاردێت.
  2. b. 17‏:18 ته‌وقه‌كردن به‌ مه‌به‌ستی ڕێككه‌وتن به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك.