عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئاماده‌كاریه‌كانی دڵ هی مرۆڤه‌،
به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زمان له‌ یه‌زدانه‌وه‌یه‌.
2
هه‌موو ڕێگاكانی مرۆڤ له‌به‌رچاوی خۆی بێگه‌ردن،
به‌ڵام یه‌زدانه‌ پاڵنه‌ره‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
3
كاره‌كانت به‌ یه‌زدان بسپێره‌،
پلانه‌كانت جێگیر ده‌بێت.
4
یه‌زدان بۆ مه‌به‌ستی خۆی هه‌موو شتێكی دروستكردووه‌،
ته‌نانه‌ت به‌دكاریش بۆ ڕۆژی به‌ڵا.
5
یه‌زدان قێزی له‌ هه‌موو دڵ به‌فیزێكه‌،
بێگومان سزادانی له‌سه‌ر تێناپه‌ڕێت.
6
به‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و دڵسۆزی كه‌فاره‌ت[a] بۆ تاوان ده‌كرێت،
به‌ له‌خواترسیش دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خراپه‌.
7
ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری مرۆڤ مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدان بێت،
وا ده‌كات ته‌نانه‌ت دوژمنه‌كانیشی له‌گه‌ڵیدا ئاشت ده‌بنه‌وه‌.
8
باشتره‌ كه‌مت هه‌بێت به‌ ڕاستودروستییه‌وه‌
له‌وه‌ی داهاتێكی زۆری به‌ ناڕه‌وا.
9
دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی داده‌نێت،
به‌ڵام یه‌زدان هه‌نگاوه‌كانی ئاراسته‌ ده‌كات.
10
قسه‌ی پاشا وه‌ك سروشه‌[b] ،
ده‌بێ له‌ دادوه‌ریدا ده‌می ناپاكی نه‌كات.
11
قه‌پان و ته‌رازووی دادپه‌روه‌ر له‌ یه‌زدانه‌وه‌یه‌،
هه‌موو كێشێكی ناو كیسه‌ كاری ئه‌وه‌.
12
قێزی پاشایان له‌ خراپه‌كردنه‌،
چونكه‌ به‌ ڕاستودروستی ته‌خت ده‌چه‌سپێت.
13
ڕه‌زامه‌ندی پاشایان لێوی ڕاستودروسته‌،
كه‌سی ڕاستگۆیان خۆشده‌وێت.
14
تووڕه‌یی پاشا وه‌ك فریشته‌ی مه‌رگه‌،
به‌ڵام كه‌سی دانا هێمنی ده‌كاته‌وه‌.
15
ڕووناكی ڕووی پاشا ژیانی تێدایه‌،
ڕه‌زامه‌ندیشی وه‌ك هه‌وره‌ بارانی به‌هاره‌.
16
ده‌ستكه‌وتنی دانایی چه‌ند له‌ زێڕ باشتره‌،
ده‌ستكه‌وتنی تێگه‌یشتنیش له‌ زیو په‌سه‌ندتره‌.
17
ڕێگای سه‌رڕاستان دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ خراپه‌،
ئه‌وه‌ی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی ده‌پارێزێت.
18
له‌پێش شكان لووتبه‌رزییه‌،
له‌پێش ڕووخانیش ڕۆحزلییه‌.
19
باشتره‌ بێفیز بیت و له‌گه‌ڵ سته‌ملێكراوان بیت،
له‌ دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وت له‌گه‌ڵ لووتبه‌رزان.
20
ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ ئامۆژگاری بدات چاكه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت،
ئه‌وه‌ی پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستێت خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازرێت.
21
ئه‌وه‌ی له‌ دڵدا دانابێت پێی ده‌گوترێت تێگه‌یشتوو،
شیرینی لێوه‌كانیش فێربوون زیاد ده‌كات.
22
وریایی سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی،
به‌ڵام ته‌مبێكردنی گێله‌كان گێلایه‌تییه‌.
23
دڵی كه‌سی دانا ڕێنمایی ده‌می ده‌كات و
به‌سه‌ر لێوان فێربوون زیاد ده‌كات.
24
قسه‌ی جوان شانه‌ی هه‌نگوینه‌،
بۆ ده‌روون شیرینه‌ و بۆ ئێسك چاكبوونه‌وه‌یه‌.
25
ڕێگا هه‌یه‌ له‌به‌رچاوی مرۆڤ ڕاست دیاره‌،
به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی به‌ره‌و مردنه‌.
26
نه‌وسی كرێكار بۆ خۆی ڕه‌نج ده‌دات،
برسیێتییه‌كه‌ی پاڵی پێوه‌ده‌نێت.
27
كه‌سی دڵڕه‌ش كای كۆن به‌ با ده‌كات[c] و
له‌سه‌ر لێوه‌كانیشی ئاگری كڵپه‌دارن.
28
كه‌سی درۆزن دووبه‌ره‌كی ده‌وروژێنێت و
ده‌مشڕ دۆستی نزیك له‌ یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌.
29
كه‌سی توندڕه‌و دراوسێی خۆی ته‌فره‌ ده‌دات و
به‌ ڕێگایه‌كدا ده‌یبات كه‌ باش نییه‌.
30
ئه‌وه‌ی چاو ده‌قوچێنێت پیلان بۆ درۆ داده‌ڕێژێت،
ئه‌وه‌ی لێوی ده‌كرۆژێت خراپه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت.
31
ڕیش سپیێتی تاجی شانازییه‌،
له‌ ڕێگای ڕاستودروستییه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت.
32
ئه‌وه‌ی دره‌نگ تووڕه‌ بێت له‌ پاڵه‌وان باشتره‌،
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێت باشتره‌ له‌وه‌ی شارێك ده‌گرێت.
33
تیروپشك هه‌ڵده‌درێته‌ كۆش،
به‌ڵام هه‌موو بڕیارێكی له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌یه‌.
  1. a. 16‏:6 ئه‌م قوربانییه‌ی كه‌ تووڕه‌یی خودا لاده‌دات.
  2. b. 16‏:10 ‏فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.
  3. c. 16‏:27 عیبری: هه‌ڵكه‌ندنی خراپه‌.