عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە
لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی. - 2
 - بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و
لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات. - 3
 - بۆتە[a]  بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،
یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە. - 4
 - بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت،
درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز. - 5
 - ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،
ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت. - 6
 - منداڵی منداڵ تاجی پیرانە،
شانازی کوڕانیش دایک و باوکانن. - 7
 - قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە،
لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر. - 8
 - بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی،
ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت. - 9
 - ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات،
بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە. - 10
 - سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو
قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل. - 11
 - کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە،
لەبەر ئەوە نێردراوێکی دڵڕەقی بۆ دەنێردرێت. - 12
 - باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت،
نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی. - 13
 - ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە،
خراپە ماڵی بەرنادات. - 14
 - دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە،
جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە. - 15
 - بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست،
هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان. - 16
 - بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟
کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی! - 17
 - برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت،
براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت. - 18
 - کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات[b]  و
بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی. - 19
 - ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات،
ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات. - 20
 - ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی،
ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت. - 21
 - ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت،
باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت. - 22
 - دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت،
بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات. - 23
 - بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت
تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە. - 24
 - کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە،
بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی. - 25
 - کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و
تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە. - 26
 - پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە،
هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی. - 27
 - ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە،
ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە. - 28
 - تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت،
ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو. 
- a. 17:3 دەفرێکی کانزایی سەختە بۆ تواندنەوەی کانزای دیکە تێیدا بەکاردێت.
 - b. 17:18 تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.
 

