عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەندەکانی سلێمان 
1
پەندەکانی سلێمان:
کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،
بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.
2
بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی،
بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
3
یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،
بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.
4
دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری،
بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.
5
ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە،
بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.
6
بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە،
بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
7
یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە،
بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.
8
ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت،
بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.
9
ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت،
بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.
10
چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار،
گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.
11
دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە،
بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
12
ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت،
بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.
13
لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە،
کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.
14
داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە،
بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.
15
سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.
16
کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە،
بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.
17
ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە،
بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.
18
ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن،
ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.
19
قسەی زۆر بێ گوناه نابێت،
بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.
20
زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە،
بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.
21
لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن،
بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.
22
بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و
هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.
23
وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن،
بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.
24
ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت،
ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت.
25
وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت،
بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.
26
وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو،
کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.
27
لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات،
بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.
28
هیوای ڕاستودروستان خۆشییە،
بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.
29
ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن،
بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.
30
کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت،
بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن.
31
دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت،
بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.
32
لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن،
بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.