عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌نده‌كانی سلێمان 
1
په‌نده‌كانی سلێمان:
كوڕی دانا باوكی شاد ده‌كات،
به‌ڵام كوڕی گێل دڵته‌نگییه‌ بۆ دایكی.
2
بێ سووده‌ گه‌نجینه‌ی داهاتی ناڕه‌وایی،
به‌ڵام ڕاستودروستی فریاده‌كه‌وێت له‌ مردن.
3
یه‌زدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،
به‌ڵام ئاره‌زووی به‌دكاران به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌.
4
ده‌ستی ته‌مبه‌ڵ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ژاری،
به‌ڵام ده‌ستی كۆڵنه‌ده‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌دواوه‌یه‌.
5
ئه‌وه‌ی له‌ هاوین كۆده‌كاته‌وه‌، كوڕێكی وریایه‌،
به‌ڵام ئه‌و كوڕه‌ی له‌ كاتی دروێنه‌دا ده‌خه‌وێت، مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌.
6
به‌ره‌كه‌ت بۆ سه‌ر ڕاستودروستانه‌،
به‌ڵام ده‌می به‌دكاران توندڕه‌وی ده‌شارێته‌وه‌.
7
یادكردنه‌وه‌ی ڕاستودروستان بۆ به‌ره‌كه‌ته‌،
به‌ڵام ناوی به‌دكاران ده‌ڕزێت.
8
ئه‌وه‌ی دڵی دانابێت فه‌رمان وه‌رده‌گرێت،
به‌ڵام گێلی زۆربڵێ وێران ده‌بێت.
9
ئه‌وه‌ی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسووده‌ ده‌بێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشكرا ده‌بێت.
10
چاوقوچان ده‌بێته‌ هۆی ئازار،
گێلی زۆربڵێش ده‌كه‌وێت.
11
ده‌می كه‌سی ڕاستودروست سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌ و
به‌ڵام ده‌می به‌دكاران توندڕه‌وی ده‌شارێته‌وه‌.
12
ڕق ناكۆكی ده‌وروژێنێت،
به‌ڵام خۆشه‌ویستی هه‌موو یاخیبوونێك داده‌پۆشێت.
13
له‌ لێوه‌كانی تێگه‌یشتوو دانایی هه‌یه‌،
كوته‌كیش بۆ پشتی تێنه‌گه‌یشتووانه‌.
14
داناكان زانیاری كۆده‌كه‌نه‌وه‌،
به‌ڵام ده‌می گێل فه‌وتانێكی نزیكه‌.
15
سامانی ده‌وڵه‌مه‌ند شاری قه‌ڵابه‌ندیه‌تی،
به‌ڵام فه‌وتانی هه‌ژاران نه‌دارییانه‌.
16
كرێی كه‌سی ڕاستودروست ژیانه‌،
به‌ڵام داهاتی به‌دكار گوناهه‌.
17
ئه‌وه‌ی چاوی له‌ ته‌مبێكردنه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ژیانه‌،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی واز له‌ سه‌رزه‌نشت بهێنێت گومڕا ده‌بێت.
18
ئه‌وه‌ی ڕق بشارێته‌وه‌ لێوه‌كانی درۆ ده‌كه‌ن،
ئه‌وه‌ی بوختان بڵاو بكاته‌وه‌ گێله‌.
19
قسه‌ی زۆر بێ گوناه نابێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی زمانی خۆی بگرێت وریایه‌.
20
زمانی كه‌سی ڕاستودروست زیوی پوخته‌كراوه‌،
به‌ڵام دڵی به‌دكاران كه‌م به‌هایه‌.
21
لێوه‌كانی كه‌سی ڕاستودروست، ڕابه‌رایه‌تی زۆر كه‌س ده‌كه‌ن،
به‌ڵام گێله‌كان به‌ تێنه‌گه‌یشتوویی ده‌مرن.
22
به‌ره‌كه‌تی یه‌زدان ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌دواوه‌یه‌ و
هیچ زه‌حمه‌تێكیش ناخاته‌ پاڵی.
23
وه‌ك پێكه‌نینه‌ بۆ گێل به‌دكاری كردن،
به‌ڵام دانایی بۆ كه‌سی تێگه‌یشتوو.
24
ترسی به‌دكار بۆی دێت،
ئاره‌زووی ڕاستودروستانیش پێیان ده‌به‌خشرێت.
25
وه‌ك تێپه‌ڕبوونی گه‌رده‌لوول خراپه‌كاریش ئاوا نامێنێت،
به‌ڵام كه‌سی ڕاستودروست هه‌تاهه‌تایه‌ جێگیر ده‌بێت.
26
وه‌ك سركه‌ بۆ ددان و دووكه‌ڵ بۆ چاو،
كه‌سی ته‌مبه‌ڵیش بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ینێرن ئاوایه‌.
27
له‌خواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد ده‌كات،
به‌ڵام ساڵانی به‌دكاران كورت ده‌بێت.
28
هیوای ڕاستودروستان خۆشییه‌،
به‌ڵام ئاواتی به‌دكاران له‌ناوده‌چێت.
29
ڕێگای یه‌زدان په‌ناگایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ڕێگای ڕاست بگرن،
به‌ڵام له‌ناوچوونه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خراپه‌ ده‌كه‌ن.
30
كه‌سی ڕاستودروست هه‌رگیز ناله‌قێت،
به‌ڵام خراپه‌كاران له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێ نابن.
31
ده‌می كه‌سی ڕاستودروست دانایی لێ ده‌ڕوێت،
به‌ڵام زمانی درۆوده‌له‌سه‌ ده‌بڕدرێته‌وه‌.
32
لێوه‌كانی كه‌سی ڕاستودروست په‌سه‌ندیی ده‌زانن،
به‌ڵام ده‌می به‌دكاران درۆوده‌له‌سه‌.