عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پەندەکانی سلێمان
- 1
- پەندەکانی سلێمان:
 کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،
 بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.
- 2
- بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی،
 بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
- 3
- یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،
 بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.
- 4
- دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری،
 بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.
- 5
- ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە،
 بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.
- 6
- بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە،
 بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
- 7
- یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە،
 بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.
- 8
- ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت،
 بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.
- 9
- ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت،
 بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.
- 10
- چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار،
 گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.
- 11
- دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە،
 بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
- 12
- ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت،
 بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.
- 13
- لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە،
 کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.
- 14
- داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە،
 بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.
- 15
- سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
 بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.
- 16
- کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە،
 بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.
- 17
- ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە،
 بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.
- 18
- ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن،
 ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.
- 19
- قسەی زۆر بێ گوناه نابێت،
 بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.
- 20
- زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە،
 بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.
- 21
- لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن،
 بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.
- 22
- بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و
 هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.
- 23
- وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن،
 بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.
- 24
- ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت،
 ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت.
- 25
- وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت،
 بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.
- 26
- وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو،
 کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.
- 27
- لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات،
 بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.
- 28
- هیوای ڕاستودروستان خۆشییە،
 بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.
- 29
- ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن،
 بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.
- 30
- کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت،
 بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن.
- 31
- دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت،
 بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.
- 32
- لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن،
 بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.

