عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خۆنزمکردنەوەی عیسا
 - 1
 - ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن،
 - 2
 - ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن.
 - 3
 - هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن.
 - 4
 - تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات.
 - 5
 - وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:
 - 6
 - ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە،
نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە، - 7
 - بەڵکو خۆی کردە هیچ[a] ،
شێوەی بەندەی وەرگرت،
وەک مرۆڤی لێهات، - 8
 - کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا،
خۆی نزم کردەوە و
هەتا مردن ملکەچ بوو،
تەنانەت مردنی سەر خاچ[b] . - 9
 - لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و
ئەو ناوەی[c] دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە، - 10
 - تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات،
لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش، - 11
 - هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە،
بۆ شکۆی خودای باوک. - ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین
 - 12
 - بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان،
 - 13
 - چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
 - 14
 - هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن،
 - 15
 - تاکو بێ کەموکوڕی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە،
 - 16
 - کاتێک کە ئێوە دەست بە وشەی ژیانەوە دەگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە ڕام نەکرد و ڕەنجم نەکێشاوە.
 - 17
 - بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،[d] ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان.
 - 18
 - جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
 - تیمۆساوس و ئەپەفرۆدیتۆس
 - 19
 - هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم،
 - 20
 - چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات،
 - 21
 - لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح.
 - 22
 - بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە.
 - 23
 - بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم.
 - 24
 - متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
 - 25
 - بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە.
 - 26
 - ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە.
 - 27
 - بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت.
 - 28
 - بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە.
 - 29
 - کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن،
 - 30
 - چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.
 
- a. 2:7 یۆنانی: خۆی لە هەموو مافەکانی بێبەش کرد.
 - b. 2:8 لەخاچدان قورسترین سزا بووە لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە، هەروەها لەلایەن جولەکەکان نەفرەت بووە، بڕوانە دواوتار 21:23.
 - c. 2:9 لەم هەڵوێستەدا لە زمانی عیبری (ناوەکە) واتا ناوی خودا.
 - d. 2:17 مەبەستی نووسەر لێرەدا واتا من دەمرم، نەریت و باو بووە کە خواردنەوەی گرنگ وەک قوربانی ڕژێنراوە. بڕوانە لێڤییەکان 23:18.
 

