عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جه‌ژنی په‌سخه‌ 
1
له‌ ساڵی دووه‌می هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ خاكی میسر له‌ مانگی یه‌ك له‌ چۆڵه‌وانی سینا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«با نه‌وه‌ی ئیسرائیل جه‌ژنی په‌سخه‌ له‌ كاتی خۆیدا بكه‌ن،
3
له‌ ڕۆژی چوارده‌ی ئه‌م مانگه‌ له‌ زه‌رده‌په‌ڕدا[a] ، له‌ كاتی خۆیدا ده‌یكه‌ن، به‌گوێره‌ی هه‌موو فه‌رز و ڕاسپارده‌كان.»
4
موساش له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل دوا بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنی په‌سخه‌ بكه‌ن،
5
جا له‌ چوارده‌ی مانگی یه‌ك له‌ زه‌رده‌په‌ڕدا له‌ چۆڵه‌وانی سینا جه‌ژنی په‌سخه‌یان كرد، به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كرد، نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئاوایان كرد.
6
به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س به‌هۆی مردووێكه‌وه‌ به‌پێی ڕێوڕه‌سم گڵاو ببوون و دروست نه‌بوو بۆیان له‌و ڕۆژه‌دا جه‌ژنی په‌سخه‌ بكه‌ن، جا له‌و ڕۆژه‌دا هاتنه‌ به‌رده‌م موسا و هارون.
7
ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێیان گوت: «ئێمه‌ به‌هۆی كه‌سێكی مردووه‌وه‌ گڵاوین، بۆچی له‌ كاتی خۆیدا له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا وه‌لابنرێین و قوربانی بۆ یه‌زدان پێشكه‌ش نه‌كه‌ین؟»
8
موساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «بوه‌ستن با گوێم لێ بێت یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ چی فه‌رمان ده‌كات.»
9
جا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
10
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”هه‌ركه‌سێك له‌ ئێوه‌ یان له‌ نه‌وه‌كانتان، ئه‌گه‌ر به‌ مردووێك گڵاو ببوو یان له‌ گه‌شتێكی دوور بوو، با جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ یه‌زدان بكات.
11
له‌ ڕۆژی چوارده‌ی مانگی دوو له‌ زه‌رده‌په‌ڕدا ده‌یكه‌ن، به‌رخه‌كه‌ به‌ نانی فه‌تیره‌ و به‌ گیای تاڵه‌وه‌ ده‌خۆن.
12
هیچی بۆ به‌یانی ناهێڵنه‌وه‌ و هیچ ئێسقانێكی لێ ناشكێنرێت. به‌گوێره‌ی هه‌موو فه‌رزه‌كانی جه‌ژنی په‌سخه‌ ده‌یكه‌ن.
13
به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك پاك بوو و له‌ گه‌شت نه‌بوو، جه‌ژنی په‌سخه‌ی نه‌كرد، ئه‌و گیانه‌ له‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌بڕدرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتی خۆیدا قوربانی یه‌زدانی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ ئۆباڵی گوناهه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌گرێت.
14
«”ئه‌گه‌ر نامۆیه‌ك له‌نێو ئێوه‌دا بژیێت و ویستی جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ یه‌زدان بگێڕێت، به‌گوێره‌ی فه‌رزی په‌سخه‌ و یاساكانی ئاوا ده‌كات، یه‌ك فه‌رز ده‌بێت بۆتان، بۆ نامۆ و بۆ هاوڵاتی خاكه‌كه‌.“»
هه‌ور له‌سه‌ر چادری په‌رستن 
15
له‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی چادره‌كه‌ی په‌رستن كه‌ به‌ چادری په‌یمان ناسراوه‌، هه‌ورێك چادره‌كه‌ی په‌رستنی داپۆشی. هه‌ر له‌ ئێواره‌وه‌ هه‌تا به‌یانی هه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر چادره‌كه‌ی په‌رستن وه‌ك دیمه‌نی ئاگر بوو.
16
به‌ به‌رده‌وامی ئاوا بوو، هه‌ور دایده‌پۆشی و به‌ شه‌ویش هه‌وره‌كه‌ دیمه‌نی ئاگری هه‌بوو.
17
هه‌ر كاتێكیش هه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر چادره‌كه‌ به‌رز ده‌بووه‌وه‌، ئه‌وا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌دوای ئه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وتن. له‌و شوێنه‌ی هه‌وره‌كه‌ بنیشتبایه‌وه‌ ئه‌وا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌وێ چادریان هه‌ڵده‌دا.
18
به‌ فه‌رمانی یه‌زدان نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ڕێ ده‌كه‌وتن و به‌ فه‌رمانی یه‌زدان چادریان هه‌ڵده‌دا، هه‌موو ڕۆژانی نیشتنی هه‌وره‌كه‌ به‌سه‌ر چادره‌كه‌ی په‌رستندا ئه‌وان له‌ چادره‌كانی خۆیان ده‌مانه‌وه‌.
19
هه‌ر كاتێك هه‌وره‌كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی زۆر له‌سه‌ر چادره‌كه‌ی په‌رستن ده‌مایه‌وه‌، ئه‌وا نه‌وه‌ی ئیسرائیل گوێڕایه‌ڵی یه‌زدان ده‌بوون و به‌ڕێ نه‌ده‌كه‌وتن.
20
هه‌ر كاتێك هه‌وره‌كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌سه‌ر چادری په‌رستن ده‌مایه‌وه‌، ئه‌وا به‌گوێره‌ی فه‌رمانی یه‌زدان چادریان هه‌ڵده‌دا و به‌گوێره‌ی فه‌رمانی یه‌زدان به‌ڕێ ده‌كه‌وتن.
21
هه‌ندێك جار هه‌وره‌كه‌ له‌ ئێواره‌وه‌ هه‌تا به‌یانی ده‌مایه‌وه‌ و له‌ به‌یانیدا به‌رز ده‌بووه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وتن. یان شه‌و و ڕۆژێك بمابایه‌وه‌ و به‌رز بووایه‌وه‌، ئه‌وا به‌ڕێ ده‌كه‌وتن.
22
به‌م جۆره‌ هه‌وره‌كه‌ دوو ڕۆژ یان مانگێك یان ساڵێك، هه‌رچه‌ندێك له‌سه‌ر چادره‌كه‌ی په‌رستن بمابووایه‌وه‌ و بنیشتبایه‌وه‌، ئه‌وا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ چادره‌كانیان ده‌مانه‌وه‌ و به‌ڕێ نه‌ده‌كه‌وتن، هه‌ر كاتێكیش به‌رز بووایه‌وه‌ ئه‌وا به‌ڕێ ده‌كه‌وتن.
23
به‌ فه‌رمانی یه‌زدان چادریان هه‌ڵده‌دا و به‌ فه‌رمانی یه‌زدان به‌ڕێ ده‌كه‌وتن و ئه‌ركی یه‌زدانیان ده‌پاراست، به‌گوێره‌ی فه‌رمانی یه‌زدان له‌سه‌ر ده‌ستی موسا.
  1. a. 9‏:3 كاتی ڕۆژئاوابوون و تاریك داهاتن.