عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كه‌ڕه‌نا زیوه‌كان 
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«دوو كه‌ڕه‌نا له‌ زیوی كوتراو بۆ خۆت دروستبكه‌، بۆ بانگكردنی كۆمه‌ڵ و بۆ به‌ڕێكه‌وتنی ئۆردوگاكان.
3
ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان لێدران ئه‌وا هه‌موو كۆمه‌ڵ بۆ لای ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن له‌لات كۆده‌بنه‌وه‌،
4
ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌كێكیان لێدرا ئه‌وا سه‌ركرده‌كان له‌لات كۆده‌بنه‌وه‌، كه‌ سه‌رۆك خێڵه‌كانی ئیسرائیلن.
5
ئه‌گه‌ر وه‌ك نیشانه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێتاندا ئه‌وا ئه‌و ئۆردوگایانه‌ی له‌لای ڕۆژهه‌ڵات چادریان هه‌ڵداوه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ون،
6
ئه‌گه‌ر دووباره‌ وه‌ك نیشانه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێتاندا ئه‌وا ئه‌و ئۆردوگایانه‌ی له‌لای باشوور چادریان هه‌ڵداوه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ون، بۆ به‌ڕێكه‌وتنه‌كانیان وه‌ك نیشانه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێده‌ده‌ن.
7
كاتێك كۆمه‌ڵ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا كه‌ڕه‌نا لێده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌ك نیشانه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ ناكه‌ن.
8
«كوڕانی هارونی كاهین كه‌ڕه‌ناكان لێده‌ده‌ن، جا بۆتان ده‌بێته‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی بۆ نه‌وه‌كانتان.
9
ئه‌گه‌ر له‌ خاكی خۆتان بۆ جه‌نگ چوونه‌ سه‌ر دوژمنێك كه‌ سته‌متان لێده‌كات، ئه‌وا كه‌ڕه‌ناكان وه‌ك نیشانه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێده‌ده‌ن و له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان یاد ده‌كرێنه‌وه‌ و له‌ دوژمنه‌كانتان ڕزگارتان ده‌بێت.
10
هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی خۆشیتان و له‌ جه‌ژن و له‌ ده‌ستپێكی مانگی نوێتان[a] كه‌ڕه‌ناكان لێده‌ده‌ن، له‌سه‌ر قوربانی سووتاندنه‌كانتان و قوربانییه‌كانی هاوبه‌شیتان، جا ده‌بێته‌ یاده‌وه‌ریتان له‌به‌رده‌م خودایه‌كه‌تان. من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.»
ئیسرائیلییه‌كان له‌ سیناوه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ون 
11
له‌ بیستی مانگی دووی ساڵی دووه‌مدا هه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر چادری په‌یمان به‌رزبووه‌وه‌.
12
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ قۆناغه‌كه‌یان له‌ چۆڵه‌وانی سیناوه‌ به‌ڕێكه‌وتن و هه‌وره‌كه‌ له‌ چۆڵه‌وانی پاران نیشته‌وه‌.
13
به‌پێی فه‌رمانی یه‌زدان و له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌ستیان به‌ كۆچه‌كه‌یان كرد.
14
له‌ژێر به‌یداخه‌كه‌یان ئۆردوگای نه‌وه‌ی یه‌هودا به‌گوێره‌ی له‌شكره‌كانیان یه‌كه‌م جار به‌ڕێكه‌وتن و نه‌حشۆنی كوڕی عه‌میناداب سوپاسالاریان بوو.
15
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی یه‌ساخاریش نه‌ته‌نێلی كوڕی چوعه‌ر بوو،
16
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی زه‌بولونیش ئه‌لیابی كوڕی حێلۆن بوو.
17
ئینجا چادره‌كه‌ی په‌رستن هه‌ڵگیرایه‌وه‌ و نه‌وه‌ی گێرشۆن و نه‌وه‌ی مه‌راری چادره‌كه‌ی په‌رستنیان هه‌ڵگرت و به‌ڕێكه‌وتن.
18
له‌دوای ئه‌وان له‌ژێر به‌یداخه‌كه‌یان ئۆردوگای ڕه‌ئوبێن به‌گوێره‌ی له‌شكره‌كانیان به‌ڕێكه‌وتن، ئه‌لیسوری كوڕی شه‌دیئور سوپاسالاریان بوو.
19
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی شیمۆنیش شه‌لومیێلی كوڕی چووریشه‌دای بوو،
20
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی گادیش ئه‌لیاسافی كوڕی ده‌عوئێل بوو.
21
ئینجا قه‌هاتییه‌كان شته‌ پیرۆزكراوه‌كانیان هه‌ڵگرت و به‌ڕێكه‌وتن، هه‌تا گه‌یشتن چادره‌كه‌ی په‌رستن هه‌ڵدرابوو.
22
ئینجا له‌ژێر به‌یداخه‌كه‌یان نه‌وه‌ی ئه‌فرایم به‌گوێره‌ی له‌شكره‌كانیان به‌ڕێكه‌وتن و ئه‌لیشاماعی كوڕی عه‌میهود سوپاسالاریان بوو،
23
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ش گه‌مالائیلی كوڕی په‌داهچوور بوو،
24
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی بنیامینیش ئه‌بیدانی كوڕی گدعۆنی بوو.
25
له‌ كۆتاییدا له‌ژێر به‌یداخه‌كه‌یان ئۆردوگای نه‌وه‌ی دان به‌ڕێكه‌وت و پاشڕه‌و و پاسه‌وانی هه‌موو ئۆردوگاكان بوو، به‌گوێره‌ی له‌شكره‌كانیان، ئه‌حیعه‌زه‌ری كوڕی عه‌میشه‌دای سوپاسالاریان بوو.
26
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی ئاشێریش په‌گعیێلی كوڕی عۆخران بوو.
27
سه‌رله‌شكری هۆزی نه‌وه‌ی نه‌فتالیش ئه‌حیڕه‌عی كوڕی عێینان بوو.
28
ئه‌مه‌ ڕێكخستنی نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌ به‌ له‌شكره‌كانیانه‌وه‌ كاتێك به‌ڕێكه‌وتن.
29
موسا به‌ حۆڤاڤی كوڕی ڕه‌عوئێلی میدیانی گوت، كه‌ ڕه‌عوئێل خه‌زووری موسا بوو: «ئێمه‌ ده‌چین بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌زدان فه‌رمووی: ”پێتانی ده‌ده‌م.“ له‌گه‌ڵمان وه‌ره‌ و بۆت باش ده‌بین، چونكه‌ یه‌زدان به‌ڵێنی داوه‌ بۆ ئیسرائیل چاك ده‌بێت.»
30
ئه‌ویش پێی گوت: «ناڕۆم، به‌ڵكو بۆ لای خاكی خۆم و گه‌لی خۆم ده‌چم.»
31
جا موسا گوتی: «تكایه‌ به‌جێمان مه‌هێڵه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌زایت له‌ چۆڵه‌وانی له‌كوێ چادر هه‌ڵبده‌ین، ببه‌ به‌ چاو بۆمان.
32
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمان بێیت، ئه‌وا به‌و چاكه‌یه‌ی یه‌زدان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی ده‌كات، ئێمه‌ش چاكه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین.»
33
جا له‌ كێوی یه‌زدانه‌وه‌ بۆ سێ ڕۆژه‌ ڕێ به‌ڕێكه‌وتن و سندوقی په‌یمانی یه‌زدانیش سێ ڕۆژه‌ ڕێ پێشیان كه‌وتبوو، هه‌تا بۆ پشوودان نشینگه‌یه‌كیان بۆ بدۆزێته‌وه‌.
34
هه‌وری یه‌زدانیش به‌ ڕۆژ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بوو، كاتێك له‌ ئۆردوگاوه‌ به‌ڕێكه‌وتن.
35
له‌ كاتی به‌ڕێكه‌وتنی سندوقه‌كه‌ش موسا ده‌یگوت:
«هه‌سته‌ یه‌زدان!
با دوژمنانت په‌رته‌وازه‌ بن و
ناحه‌زانت له‌به‌رده‌مت هه‌ڵبێن.»
36
له‌ كاتی چادرهه‌ڵدانیش ده‌یگوت:
«بگه‌ڕێوه‌ یه‌زدان،
بۆ لای هه‌زاران هه‌زارانی ئیسرائیل.»
  1. a. 10‏:10 هه‌موو مانگێك له‌ كاتی ده‌ركه‌وتنی مانگ گه‌لی خودا بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ئاهه‌نگیان گێڕاوه‌ و ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌س بۆی نه‌بووه‌ كار بكات. بڕوانه‌ په‌ڕتووكی \+xt سه‌رژمێری 28‏:11‏-15 و ئامۆس 8‏:5.‏\+xt*‏