عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاگر له‌ یه‌زدانه‌وه‌ 
1
گه‌ل ده‌رباره‌ی ناخۆشییان بۆڵه‌بۆڵیان كرد، گه‌یشته‌ لای یه‌زدان. یه‌زدان كه‌ ئه‌مه‌ی بیست پێی خراپ بوو، تووڕه‌یی جۆشا، ئیتر ئاگری یه‌زدان تێیاندا گڕی گرت و قه‌راغی ئۆردوگاكه‌ی سووتاند.
2
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌ل هاواریان بۆ موسا كرد، موساش له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ كوژایه‌وه‌.
3
ئه‌و شوێنه‌ش ناونرا ته‌بعیره‌، چونكه‌ ئاگری یه‌زدان تێیاندا گڕی گرت.
سوێسكه‌ له‌ یه‌زدانه‌وه‌ 
4
ئه‌و ئاژاوه‌گێڕانه‌ی له‌نێویان ده‌ژیان ئاره‌زووی گۆشتیان ده‌كرد، جا نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش گه‌ڕانه‌وه‌ و گریان و گوتیان: «كێ گۆشتمان ده‌رخوارد ده‌دات.
5
ئه‌و ماسیه‌ی له‌ میسر به‌خۆڕایی ده‌مانخوارد به‌بیرمان هاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌یار و شووتی و كه‌وه‌ر و پیاز و سیر.
6
ئێستاش وا گیانمان وشك بوو، هیچ شتێك نییه‌ و هه‌ر چاومان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌نه‌یه‌!»
7
مه‌نیش وه‌ك تۆوی گژنیژ وابوو، دیمه‌نی وه‌ك دیمه‌نی سرێشی دار دره‌وشاوه‌ بوو.
8
گه‌لیش ده‌سووڕانه‌وه‌ هه‌تا هه‌ڵیبگرنه‌وه‌، ئینجا به‌ ده‌ستاڕ ده‌یانهاڕی یان له‌ هاون ده‌یانكوتایه‌وه‌ و له‌ مه‌نجه‌ڵ لێیان ده‌نا و ده‌یانكرده‌ كولێره‌، تامه‌كه‌شی وه‌ك تامی كولێره‌ برژاوی به‌ زه‌یت بوو.
9
هه‌ر كاتێك به‌ شه‌و شه‌ونم به‌سه‌ر ئۆردوگاكه‌دا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وا مه‌نیش له‌گه‌ڵیدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌.
10
كاتێك موسا گوێی لێبوو هه‌موو گه‌ل ده‌گریێن، هه‌ریه‌كه‌ به‌خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌روازه‌ی چادره‌كه‌ی ڕاوه‌ستاوه‌، تووڕه‌یی یه‌زدان زۆر زیادی كرد، موسا به‌مه‌ دڵگران بوو.
11
جا موسا به‌ یه‌زدانی گوت: «بۆچی له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ت خراپ بوویت؟ بۆچی له‌لات په‌سه‌ند نه‌بووم، ته‌نانه‌ت باری هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ت خسته‌ سه‌ر من؟
12
ئایا سكم به‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ پڕ بووه‌ یان له‌ منه‌وه‌ له‌دایك بوونه‌؟ بۆچی پێم ده‌ڵێی به‌ باوه‌ش هه‌ڵیانبگره‌، هه‌روه‌ك چۆن دایه‌ن منداڵی ساوا هه‌ڵده‌گرێت، بیانبه‌ ئه‌و خاكه‌ی سوێندت بۆ باوانیان خوارد؟
13
گۆشتم له‌كوێ بوو هه‌تا به‌ هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ی بده‌م؟ چونكه‌ به‌سه‌رمه‌وه‌ ده‌گرین، ده‌ڵێن: ”گۆشتمان بده‌رێ بیخۆین!“
14
من به‌ ته‌نها ناتوانم هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ هه‌ڵبگرم، چونكه‌ بۆ من گرانه‌.
15
جا ئه‌گه‌ر وام پێده‌كه‌یت، بمكوژه‌ ئه‌گه‌ر له‌لات په‌سه‌ندم، با تووشی به‌ڵای خۆم نه‌بم.»
16
یه‌زدانیش به‌ موسای فه‌رموو: «له‌ پیرانی ئیسرائیل حه‌فتا پیاوم بۆ كۆبكه‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌زانیت كه‌ ڕیش سپی و كوێخای گه‌لن و بیانهێنه‌ لای چادری چاوپێكه‌وتن و با له‌وێ له‌گه‌ڵتدا ڕاوه‌ستن.
17
جا من دێمه‌ خواره‌وه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵتدا ده‌دوێم و له‌و ڕۆحه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ ده‌به‌م و ده‌یخه‌مه‌ سه‌ریان، جا له‌گه‌ڵتدا بارگرانی گه‌له‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن، ئیتر تۆ به‌ ته‌نها هه‌ڵیناگریت.
18
«به‌ گه‌لیش ده‌ڵێیت: ”بۆ به‌یانی خۆتان ته‌رخان بكه‌ن ئینجا گۆشت ده‌خۆن، چونكه‌ یه‌زدان گوێی لێبوو كه‌ گریان و گوتتان، ’كێ گۆشتمان ده‌رخوارد ده‌دات؟ له‌ میسر حاڵمان خۆشتر بوو!‘ ئێستا یه‌زدان گۆشتتان ده‌داتێ و ده‌یخۆن.
19
نه‌ ڕۆژێك، نه‌ دوو ڕۆژ، نه‌ پێنج ڕۆژ، نه‌ ده‌ ڕۆژ و نه‌ بیست ڕۆژ،
20
به‌ڵكو ماوه‌ی مانگێكی ته‌واو ده‌یخۆن، هه‌تا له‌ كونی لووتتان دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕقتان لێی ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدانتان ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌نێوتاندایه‌ و له‌به‌رده‌میدا گریان و گوتتان: ’بۆچی ئه‌مه‌مان كرد و له‌ میسر هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌؟‘“»
21
به‌ڵام موسا گوتی: «ئه‌و گه‌له‌ی من له‌نێویانم شه‌ش سه‌د هه‌زار پیاده‌یه‌، تۆش فه‌رمووت: ”گۆشتیان ده‌ده‌مێ لێی بخۆن بۆ ماوه‌ی مانگێك!“
22
ئایا مه‌ڕ و مانگایان بۆ سه‌رده‌بڕدرێت هه‌تا به‌شیان بكات، یان هه‌موو ماسی ده‌ریایان بۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ هه‌تا به‌شیان بكات؟»
23
یه‌زدانیش به‌ موسای فه‌رموو: «ئایا یه‌زدان بێ ده‌سه‌ڵاته‌؟ ئێستا ده‌بینیت ئاخۆ قسه‌كانم دێته‌ دی یان نا.»
24
موساش چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ فه‌رمووده‌ی یه‌زدان له‌گه‌ڵ گه‌لدا دوا. حه‌فتا پیاوی له‌ پیرانی گه‌ل كۆكرده‌وه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری چادره‌كه‌ ڕایگرتن.
25
یه‌زدانیش له‌ هه‌وردا هاته‌ خواره‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا دوا و له‌و ڕۆحه‌ پیرۆزه‌ی كه‌ له‌سه‌ری بوو بردی و خستییه‌ سه‌ر حه‌فتا ڕیش سپییه‌كه‌. كاتێك ڕۆحه‌كه‌ هاته‌ سه‌ریان ئیتر په‌یامی خودایان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام یه‌ك جار و زیاتر نا.
26
دوو پیاویش له‌ ئۆردوگاكه‌ مانه‌وه‌، ناوی یه‌كێكیان ئه‌لداد و ناوی ئه‌وه‌ی دیكه‌ میداد بوو، ڕۆحی خودا له‌سه‌ریان نیشته‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ ڕیش سپییه‌كان بوون، به‌ڵام نه‌چووبوونه‌ لای چادره‌كه‌، جا له‌ ئۆردوگاكه‌ په‌یامی خودایان ڕاگه‌یاند،
27
لاوێكیش ڕایكرد و هه‌واڵی دایه‌ موسا و گوتی: «ئه‌لداد و میداد له‌ ئۆردوگاكه‌ په‌یامی خودا ڕاده‌گه‌یه‌نن!»
28
یه‌شوعی كوڕی نونیش كه‌ له‌ گه‌نجیێتیه‌وه‌ خزمه‌تكاری موسا بوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «موسای گه‌وره‌م ڕێیان لێ بگره‌!»
29
موساش پێی گوت: «ئایا له‌ جیاتی من ئیره‌یی ده‌به‌یت؟ خۆزگه‌ هه‌موو گه‌لی یه‌زدان پێغه‌مبه‌ر بوونایه‌، كه‌ یه‌زدان ڕۆحی خۆی ده‌خسته‌ سه‌ریان!»
30
ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئۆردوگاكه‌.
31
بایه‌كیش له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ هه‌ڵیكرد و سوێسكه‌ی[a] له‌ ده‌ریاوه‌ هێنا بۆ ئۆردوگاكه‌. بۆ ماوه‌ی ڕۆژه‌ ڕێیه‌ك له‌م لا و ڕۆژه‌ ڕێیه‌ك له‌و لا له‌ چوارده‌وری ئۆردوگاكه‌ و به‌ به‌رزی دوو باڵ[b] له‌سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌وه‌ بڵاوی كردنه‌وه‌.
32
گه‌لیش هه‌ستان و به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ و به‌ درێژایی شه‌و و ڕۆژی دواتریش سوێسكه‌یان كۆكرده‌وه‌، كه‌مترینیان ده‌ حۆمه‌ری[c] كۆكرده‌وه‌ و بۆ خۆیان به‌ چوارده‌وری ئۆردوگاكه‌ ڕایانخست.
33
له‌و كاته‌شدا كه‌ هێشتا گۆشت له‌ژێر ددانه‌كانیان بوو پێش ئه‌وه‌ی بیجوون، تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر گه‌لدا جۆشا و یه‌زدان گه‌لی تووشی ده‌ردێكی گران كرد،
34
جا ئه‌و شوێنه‌ ناونرا قیبرۆت هه‌ته‌ڤا[d] ، چونكه‌ له‌وێ ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان ناشت كه‌ نه‌وسیان هه‌ستا.
35
له‌ قیبرۆت هه‌ته‌ڤاشه‌وه‌ گه‌ل بۆ حه‌چێرۆت به‌ڕێكه‌وتن، جا له‌وێ چادریان هه‌ڵدا.
  1. a. 11‏:31 سوێسكه‌: باڵنده‌یه‌كی بچووكه‌، له‌ شێوه‌ی كه‌ودایه‌، به‌ پۆلی گه‌وره‌ كۆچ ده‌كه‌ن، له‌ ئاستێكی نزمدا ده‌فڕن و له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی تۆڕیان به‌كارده‌هێنا بۆ گرتنیان. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 16‏:13‏\+xt*‏.
  2. b. 11‏:31 دوو باڵ: نزیكه‌ی یه‌ك مه‌تر.
  3. c. 11‏:32 حۆمه‌ر: باری گوێدرێژ. ده‌ حۆمه‌ر: ده‌شێت 6‏،1 ته‌نی سوێسكه‌ بێت.
  4. d. 11‏:34 به‌ واتای گۆڕستانی نه‌وسنان.