عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لێڤییەکان 
1
ئەمەش نەوەی هارون و موسایە، ئەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسادا لە شاخی سینا دوا.
2
ئەمەش ناوی کوڕەکانی هارونە، نادابی نۆبەرە و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار.
3
ئەمەش ناوی نەوەکانی هارونە، کاهینە دەستنیشانکراوەکان ئەوانەی ئەرکی کاهینیێتییان پێ سپێردراوە.
4
ناداب و ئەبیهو لەبەردەم یەزدان مردن، کاتێک لە چۆڵەوانی سینا ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد[a] . لەبەر ئەوەی هیچ کوڕیان نەبوو، ئەلعازار و ئیتامار لەبەردەم هارونی باوکیان خزمەتی کاهینیێتییان کرد.
5
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
6
«هۆزی لێڤی بهێنە پێش و لەبەردەم هارونی کاهین ڕایانبگرە و با یاریدەدەری بن،
7
جا هەڵدەستن بە پارێزگاری بۆ ئەو و لە جیاتی هەموو کۆمەڵ لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن، بەهۆی کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن.
8
پارێزگاری لە هەموو قاپوقاچاغەکانی چادری چاوپێکەوتن دەکەن و بە کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن کار بۆ نەوەی ئیسرائیل دەکەن.
9
لێڤییەکان دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ئەوان بە تەواوەتی پێشکەشکراون بەو.
10
هارون و کوڕەکانی دادەمەزرێنیت و کاهینیێتییەکەیان دەپارێزن و هەرکەسێکی دیکە لە پیرۆزگا نزیک ببێتەوە دەکوژرێت.»
11
یەزدان بە موسای فەرموو:
12
«ئێستا من لێڤییەکان دەبەم، لەنێو نەوەی ئیسرائیل لە جیاتی هەر نۆبەرەیەکی نێر لە سکی ئافرەت کە لە نەوەی ئیسرائیل بێت. ئیتر لێڤییەکان دەبنە هی من،
13
چونکە هەموو نۆبەرەیەک بۆ منە، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسردا لە هەموو نۆبەرەیەکم دا، ئەوا هەموو نۆبەرەیەک لە ئیسرائیلدا لە خەڵک و لە ئاژەڵ بۆ خۆمم تەرخان کرد، بۆ من دەبن، من یەزدانم.»
14
هەروەها یەزدان لە چۆڵەوانی سینادا بە موسای فەرموو:
15
«نەوەی لێڤی بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و خێڵەکانیان تۆمار بکە، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار دەکەیت.»
16
موساش بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان هەروەک فەرمانی کردبوو، تۆماری کردن.
17
ئەمانە ناوی نەوەکانی لێڤی بوو:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
18
ئەوەش ناوی دوو کوڕەکەی گێرشۆنە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لیبنی و شیمعی.
19
نەوەی قەهاتیش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
20
دوو کوڕەکەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
مەحلی و موشی.
ئەمە خێڵی لێڤییەکانە بەگوێرەی بنەماڵەکانیان.
21
بۆ گێرشۆن خێڵی لیبنییەکان و خێڵی شیمعییەکان. ئەمە خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە،
22
ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە، تۆمارکراوان لێیان حەوت هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
23
خێڵەکانی گێرشۆنییەکان لە پشت چادری پەرستنەوە بەلای ڕۆژئاوا چادر هەڵدەدەن،
24
گەورەی بنەماڵەی گێرشۆنییەکانیش ئەلیاسافی کوڕی لائێل بوو.
25
نەوەی گێرشۆن لە چادری چاوپێکەوتن بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری چادرەکەی پەرستن و چادرەکە و پۆشەرەکەی، پەردەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن،
26
پەردەکانی حەوشەکە و پەردەی دەروازەی حەوشەکە کە لە دەوری چادرەکەی پەرستنە و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوری و گوریسەکانی، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی پەیوەست بوو پێیانەوە.
27
بۆ قەهاتیش خێڵی عەمرامییەکان، خێڵی یەسهارییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان و خێڵی عوزیێلییەکان بوون. ئەمە خێڵەکانی قەهاتییەکانە
28
ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە هەشت هەزار و شەش سەد کەس بوون.
قەهاتییەکان بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
29
خێڵەکانی نەوەی قەهات لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن.
30
گەورەی بنەماڵەکانی خێڵەکانی قەهاتییەکانیش ئەلیچافانی کوڕی عوزیێل بوو.
31
بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری سندوقەکە، مێزەکە، چرادانەکە، قوربانگاکان، قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە کە خزمەتی پێ دەکەن، پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز و هەموو ئەوەی لەگەڵی بەکاردەهێنرێت.
32
بۆ سەرۆکی سەرکردەکانی لێڤییەکانیش ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، سەرپەرشتیار بوو بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
33
بۆ مەراری، خێڵی مەحلییەکان و خێڵی موشییەکان، ئەمە خێڵەکانی مەرارییە.
34
تۆمارکراوان لێیان بەپێی ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە شەش هەزار و دوو سەد کەس بوون.
35
گەورەی بنەماڵەی خێڵەکانی مەراریش چووریێلی کوڕی ئەبیحەیلە،
لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن.
36
نەوەی مەراریش سەرپەرشتیاری پارێزگاریکردن بوون لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن، هەروەها کاریتە، کۆڵەکە، بناغە، هەموو کەلوپەلەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت،
37
هەروەها کۆڵەکەکانی حەوشەکە لە چواردەوری و بنکە و سنگ و گوریسەکانی.
38
موسا و هارون و کوڕەکانی لەلای ڕۆژهەڵاتی چادرەکەی پەرستن، ڕووەو ڕۆژهەڵات لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن چادر هەڵدەدەن.
بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل،
هەرکەسێکی دیکەش کە لە پیرۆزگا نزیک بکەوتبایەوە دەکوژرا.
39
هەموو تۆمارکراوانی لێڤییەکان ئەوانەی موسا و هارون بەپێی فەرمایشتی یەزدان بەگوێرەی خێڵەکانیان تۆماریان کردن، هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە بیست و دوو هەزار کەس بوون.
40
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە لە نەوەی ئیسرائیل لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار بکە و لیستی ناوەکانیان وەربگرە.
41
من یەزدانم، لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل بۆ من دادەنێیت.»
42
جا موسا وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد هەموو نۆبەرەیەکی لە نەوەی ئیسرائیل تۆمار کرد،
43
هەموو کۆرپەیەکی نۆبەرەی نێرینە لە تەمەنی یەک مانگ بەرەو سەرەوە لە لیستی ناوەکان تۆمارکران، بیست و دوو هەزار و دوو سەد و حەفتا و سێ کەس بوون.
44
یەزدان بە موسای فەرموو:
45
«لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل دابنێ و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی مەڕوماڵاتەکانیان، جا لێڤییەکان بۆ من دەبن. من یەزدانم.
46
بۆ کڕینەوەی ئەو دوو سەد و حەفتا و سێیەش لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل کە لە لێڤییەکان زیاترن،
47
پێنج شاقل بۆ هەر سەرێک وەردەگریت، بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەریدەگریت. هەر شاقلێک بیست گێرایە.
48
زیوەکەش دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، کڕینەوەی ئەوانەیە کە لێیان زیادن.»
49
جا موسا زیوی کڕینەوەیانی وەرگرت، لەوانەی لە کڕینەوەی لێڤییەکان زیاد بوون،
50
لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل هەزار و سێ سەد و شەست و پێنج زیوی[b] بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەرگرت.
51
موساش زیوی کڕینەوەکەی بە هارون و کوڕەکانی دا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
  1. a. 3‏:4 بڕوانە لێڤییەکان 10‏:1‏-3.‏‏
  2. b. 3‏:50 نزیکەی 15,5 کیلۆگرام.‏