عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەکەم پەیامی بەلعام
 - 1
 - بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
 - 2
 - بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
 - 3
 - ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
 - 4
 - خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
 - 5
 - یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
 - 6
 - ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە.
 - 7
 - ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،
لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،
وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“ - 8
 - چۆن نەفرەت بکەم
کە خودا نەفرەتی لێیان نەکردبێت،
چۆن جنێو بدەم
کە یەزدان جنێوی پێیان نەدابێت؟ - 9
 - لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،
لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،
گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،
خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت. - 10
 - کێ خۆڵی یاقوبی هەژمار کردووە،
کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟
با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و
کۆتاییم وەک ئەوان بێت!» - 11
 - بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
 - 12
 - ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
 - دووەم پەیامی بەلعام
 - 13
 - ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.»
 - 14
 - جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
 - 15
 - بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
 - 16
 - یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
 - 17
 - ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
 - 18
 - ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«ئەی بالاق، هەستە و گوێ بگرە،
ئەی کوڕی چیپور، گوێم بۆ شل بکە، - 19
 - خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات،
کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت.
ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟
یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟ - 20
 - فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،
ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم. - 21
 - «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،
لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،
یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،
هوتافی پاشا لەنێویاندایە. - 22
 - خودا لە میسر دەریهێنان،
ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە. - 23
 - جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،
فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.
ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،
”سەیر بکە خودا چی کردووە!“ - 24
 - گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،
وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،
ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و
خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.» - 25
 - ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
 - 26
 - بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
 - سێیەم پەیامی بەلعام
 - 27
 - بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.»
 - 28
 - ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
 - 29
 - بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
 - 30
 - بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.
 

