عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەکەم پەیامی بەلعام
- 1
- بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
- 2
- بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
- 3
- ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
- 4
- خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
- 5
- یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
- 6
- ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە.
- 7
- ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
 «لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،
 لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
 گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،
 وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
- 8
- چۆن نەفرەت بکەم
 کە خودا نەفرەتی لێیان نەکردبێت،
 چۆن جنێو بدەم
 کە یەزدان جنێوی پێیان نەدابێت؟
- 9
- لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،
 لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،
 گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،
 خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
- 10
- کێ خۆڵی یاقوبی هەژمار کردووە،
 کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟
 با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و
 کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»
- 11
- بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
- 12
- ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
- دووەم پەیامی بەلعام
- 13
- ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.»
- 14
- جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
- 15
- بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
- 16
- یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
- 17
- ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
- 18
- ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
 «ئەی بالاق، هەستە و گوێ بگرە،
 ئەی کوڕی چیپور، گوێم بۆ شل بکە،
- 19
- خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات،
 کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت.
 ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟
 یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
- 20
- فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،
 ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.
- 21
- «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،
 لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،
 یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،
 هوتافی پاشا لەنێویاندایە.
- 22
- خودا لە میسر دەریهێنان،
 ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
- 23
- جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،
 فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.
 ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،
 ”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
- 24
- گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،
 وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،
 ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و
 خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»
- 25
- ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
- 26
- بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
- سێیەم پەیامی بەلعام
- 27
- بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.»
- 28
- ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
- 29
- بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
- 30
- بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.

