عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خونچەکردنی گۆچانی هارون 
1
یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و
3
ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە.
4
لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە.
5
جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»
6
ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو.
7
جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.
8
بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە.
9
جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.
10
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. بەو شێوەیە چیتر بۆڵەبۆڵم بەسەردا ناکەن، تاکو نەمرن.»
11
موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.
12
ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین!
13
هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟»