عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خونچه‌كردنی گۆچانی هارون 
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وه‌ربگره‌، بۆ هه‌ر هۆزێك گۆچانێك، له‌ هه‌موو سه‌رۆكه‌كانیان به‌گوێره‌ی هۆزه‌كانیان دوازده‌ گۆچان و ناوی هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر گۆچانه‌كه‌ی ده‌نووسیت و
3
ناوی هارونیش له‌سه‌ر گۆچانی لێڤی ده‌نووسیت، چونكه‌ بۆ هه‌ر سه‌رۆك هۆزێك یه‌ك گۆچانه‌.
4
له‌ چادری چاوپێكه‌وتن له‌به‌رده‌م سندوقی په‌یمان دایبنێ، له‌و شوێنه‌ی له‌گه‌ڵتان كۆ ده‌بمه‌وه‌.
5
جا ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرم گۆچانه‌كه‌ی چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، ئه‌وسا ئه‌و بۆڵه‌بۆڵه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر خۆم كپ ده‌كه‌م كه‌ له‌ دژی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن.»
6
ئینجا موسا قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل كرد، هه‌موو سه‌ركرده‌كان هه‌ریه‌كه‌ گۆچانێكیان دایێ، دوازده‌ گۆچان به‌گوێره‌ی ژماره‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كان، گۆچانه‌كه‌ی هارونیش له‌نێو گۆچانه‌كانی ئه‌وان بوو.
7
جا موسا گۆچانه‌كانی له‌ناو چادری په‌یمان له‌به‌رده‌م یه‌زدان دانا.
8
بۆ به‌یانیش موسا چووه‌ ناو چادری شایه‌تی و بینی گۆچانه‌كه‌ی هارون كه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی لێڤییه‌ چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌، خونچه‌ی كردووه‌ و گوڵی كردووه‌ و باده‌می گرتووه‌ و پێگه‌یشتووه‌.
9
جا موسا هه‌موو گۆچانه‌كانی له‌به‌رده‌م یه‌زدان برده‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ته‌ماشایان كرد و هه‌ریه‌كه‌ گۆچانی خۆی برده‌وه‌.
10
یه‌زدانیش به‌ موسای فه‌رموو: «گۆچانه‌كه‌ی هارون بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌رده‌م سندوقی په‌یمان، بپارێزرێت بۆ ئه‌وه‌ی یاخیبووان په‌ندی لێ وه‌ربگرن. ئینجا بۆڵه‌بۆڵیان له‌ دژم ده‌وه‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرن.»
11
موساش ئاوای كرد، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی پێ كرد.
12
ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ موسایان گوت: «ئێمه‌ له‌ناوچووین و ون بووین، هه‌موومان ون بووین!
13
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چادری په‌رستنی یه‌زدان نزیك ده‌بنه‌وه‌ ده‌مرن، ئایا هه‌موومان له‌ناوده‌چین؟»