عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خزمەتی کاهین و لێڤی 
1
یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت.
2
هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان.
3
ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن.
4
پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.
5
«بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل.
6
من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن.
7
تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»
بەشی کاهین و لێڤییەکان 
8
یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە.
9
ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە.
10
وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.
11
«ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
12
«باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ،
13
یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
14
«هەموو تەرخانکراوێک[a] بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت،
15
هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە.
16
پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە[b] .
17
«بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان[c] دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
18
گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە.
19
هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»
20
هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.
21
«بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون.
22
لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت،
23
بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.
24
دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»
25
یەزدان بە موسای فەرموو:
26
«لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک.
27
جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە[d] .
28
بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن.
29
لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“
30
«پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر[e] بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت.
31
ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن.
32
بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»
  1. a. 18‏:14 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان.‏
  2. b. 18‏:16 بیست گێرا: نزیکەی 12 گرام. بڕوانە دەرچوون 30‏:13‏‏.‏
  3. c. 18‏:17 پیوەکەی: واتا بەزەکەی.‏
  4. d. 18‏:27 واتا ئاوی ترێ.‏
  5. e. 18‏:30 بڕوانە ئایەتی 27.‏