عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشکەشکراوەکانی دیکە 
1
یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ناو خاکی نیشتەجێبوونتان کە من پێتانی دەدەم و
3
قوربانی بە ئاگرتان بۆ یەزدان کرد لە گا یان بەران، جا قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینی ئازاد[a] یان لە جەژنەکانتان بۆ ئەو بۆنەی کە یەزدان پێی خۆشە،
4
ئەوەی قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش کرد، پێشکەشکراوی دانەوێڵەش لە باشترین ئارد دەیەکی ئێفەیەک شێلراو بە چارەکە هەینێک لە زەیت پێشکەش دەکات.
5
شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو چارەکە هەینێک ئامادە بکە، لەسەر قوربانی سووتاندنەکە یان قوربانییە سەربڕدراوەکە بۆ یەک بەرخ.
6
«”بەڵام لەگەڵ بەران، پێشکەشکراوی دانەوێڵە لە باشترین ئارد دوو دەیەکی ئێفەیەک[b] شێلراو بە سێیەکی هەینێک[c] لە زەیت دەکەیت و
7
شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو سێیەکی هەینێک، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە پێشکەش دەکرێت.
8
«”ئەگەر جوانەگایەکت کردە قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزر یان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان،
9
ئەوا لەگەڵ جوانەگاکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە سێ دەیەکی ئێفەیەک[d] لە باشترین ئاردی شێلراو بە نیو هەین[e] زەیت پێشکەش دەکەیت و
10
نیو هەین شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
11
ئاوا بۆ گایەک یان بەرانێک یان بەرخ یان کارەبزن دەکرێت،
12
ئاوا دەکەن بەگوێرەی ژمارەیان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەیان.
13
«”هەر هاوڵاتییەک بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە ئاوا دەکات.
14
ئەگەر نامۆیەک لەنێوتان نیشتەجێ بوو، یان هەرکەسێکی دیکە لەنێوتان نیشتەجێیە، نەوە دوای نەوە ویستی قوربانی بە ئاگر بکات، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دەبێت وەک ئێوە بیکات.
15
کۆمەڵ بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا بژیێت، یەک فەرزی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە. نامۆکەش وەک ئێوە دەبێت لەبەردەم یەزدان،
16
یەک فێرکردن و یەک یاسا دەبێت بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا دەژیێت.“»
17
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
18
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە من ئێوەی بۆ دەبەم،
19
جا کاتێک لە نانی خاکەکە دەخۆن ئەوا پێشکەشکراو بۆ یەزدان دەبەخشن.
20
لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان کولێرەیەک دەکەنە پیتاک وەک پێشکەشکراوی جۆخین[f] دەیبەخشن.
21
نەوە لەدوای نەوە لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان بەخشین بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن.
پێشکەشکراوەکان بۆ گوناهکردنی بێ ئەنقەست 
22
«”ئەگەر بەبێ ئەنقەست[g] هەموو ئەم فەرمانانەتان بەجێنەهێنا کە یەزدان بە موسای سپارد،
23
هەموو ئەوەی یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردوون، لەو ڕۆژەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردووە و بەردەوام نەوە دوای نەوە،
24
ئەگەر بەبێ ئەنقەست و بێ بوونی زانیاری کۆمەڵ ئەمە ئەنجام درا، ئەوا بەپێی فەرزەکان هەموو کۆمەڵ جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو دەکەنە قوربانی سووتاندن، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، لەگەڵ گیسکێکی نێرینە وەک قوربانی گوناه.
25
جا کاهین کەفارەت بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت، چونکە بەبێ ئەنقەست بووە. جا ئەگەر قوربانییەکەیان وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان هێنا و قوربانییەکەی گوناهیان بۆ بەردەم یەزدان هێنا لەبەر بێئاگاییەکەیان،
26
ئەوا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، چونکە هەموو گەل بەبێ ئەنقەست تێوەگلاون.
27
«”ئەگەر یەک کەس بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، ئەوا بزنێکی یەک ساڵە پێشکەش دەکات وەک قوربانی گوناه.
28
کاهین لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بێئاگا بوو کاتێک گوناهی بەبێ ئەنقەست کرد، کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
29
بۆ هاوڵاتی لە نەوەی ئیسرائیل و بۆ ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت، یەک یاسا دەبێت بۆ ئەوەی بەبێ ئەنقەست گوناهی کردبێت.
30
«”بەڵام ئەو کەسەی هاوڵاتی بێت یان نامۆ بە دەستی ئەنقەست گوناه بکات، ئەو کەسە کفری بەرامبەر بە یەزدان کردووە، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی دادەبڕدرێت،
31
چونکە سووکایەتی بە فەرمایشتی یەزدان کردووە و فەرمانی ئەوی شکاندووە، بێگومان ئەو کەسە دادەبڕدرێت و ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی.“»
شکاندنی یاسای شەممە 
32
کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی بوون پیاوێکیان بینی لە ڕۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە،
33
جا ئەوانەی بینییان دار کۆدەکاتەوە بردیانە بەردەم موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ.
34
ئینجا لە بەندیخانەیان دانا، چونکە ئاشکرا نەبوو بوو چی لێ دەکرێت.
35
جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت، لە دەرەوەی ئۆردوگا هەموو کۆمەڵ بەردبارانی دەکەن.»
36
جا هەموو کۆمەڵ بردیانە دەرەوەی ئۆردوگا و بەردبارانیان کرد و مرد، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
گوڵنگ لەسەر جلوبەرگ 
37
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
38
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ لە لچکی[h] جلەکانتان دروستبکەن، نەوە دوای نەوە و لەسەر لچکەکانی خوارەوە گوڵنگی مۆر دابنێن.
39
کاتێک ئەم گوڵنگانە دەبینن هەموو فەرمانەکانی یەزدانتان بەبیر دێتەوە و جێبەجێی دەکەن و بەدوای ئارەزووی دڵ و چاوتان ناکەون هەتا بەدوایاندا بەدڕەوشتی بکەن،
40
هەتا بەبیرتان بێتەوە و هەموو فەرمانەکانی یەزدان جێبەجێ بکەن و بۆ خوداتان پیرۆز بن.
41
من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا ببێت بە خوداتان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
  1. a. 15‏:3 بەخشینی ئازاد: بڕوانە دەرچوون 35‏:29 و 36‏:3.‏‏
  2. b. 15‏:6 دوو دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی 4,5 لیتر.‏
  3. c. 15‏:6 سێیەکی هەینێک: نزیکەی 1,2 لیتر، لێرە و لە ئایەتی 7.‏
  4. d. 15‏:9 سێ دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی 6,5 لیتر.‏
  5. e. 15‏:9 نیو هەین: نزیکەی دوو لیتر، لێرە و لە ئایەتی دە.‏
  6. f. 15‏:20 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  7. g. 15‏:22 بەبێ ئەنقەست: ئەگەر کەسێک لە سنووری ئەندازەی ڕێپێدراودا گوناهی کرد چ لە ڕێگەی گوێ پێنەدان و نەزانینەوە بێت. ئەوا لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە ڕێگەی قوربانی بۆ گوناه. هەروەها ئەگەر کەسێک تووشی گڵاوبوون بووبێت ئەوا بە هەمان شێوە پاک دەبێتەوە. بڕوانە لێڤییەکان 4‏:2‏‏.‏
  8. h. 15‏:38 لاولوێچ یان لچک مەبەست لە سەرگۆشەی قوماشە یان جل و بەرگ.‏