عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشكه‌شكراوه‌كانی دیكه‌ 
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”كاتێك هاتنه‌ ناو خاكی نیشته‌جێبوونتان كه‌ من پێتانی ده‌ده‌م و
3
قوربانی به‌ ئاگرتان بۆ یه‌زدان كرد له‌ گا یان به‌ران، جا قوربانی سووتاندن یان قوربانی سه‌ربڕاو بۆ به‌جێهێنانی نه‌زر یان به‌خشینی ئازاد[a] یان له‌ جه‌ژنه‌كانتان بۆ ئه‌و بۆنه‌ی كه‌ یه‌زدان پێی خۆشه‌،
4
ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كه‌ی بۆ یه‌زدان پێشكه‌ش كرد، پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ش له‌ باشترین ئارد ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك شێلراو به‌ چاره‌كه‌ هه‌ینێك له‌ زه‌یت پێشكه‌ش ده‌كات.
5
شه‌رابیش بۆ شه‌رابی پێشكه‌شكراو چاره‌كه‌ هه‌ینێك ئاماده‌ بكه‌، له‌سه‌ر قوربانی سووتاندنه‌كه‌ یان قوربانییه‌ سه‌ربڕدراوه‌كه‌ بۆ یه‌ك به‌رخ.
6
«”به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ران، پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ له‌ باشترین ئارد دوو ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك[b] شێلراو به‌ سێیه‌كی هه‌ینێك[c] له‌ زه‌یت ده‌كه‌یت و
7
شه‌رابیش بۆ شه‌رابی پێشكه‌شكراو سێیه‌كی هه‌ینێك، وه‌ك ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت.
8
«”ئه‌گه‌ر جوانه‌گایه‌كت كرده‌ قوربانی سووتاندن یان قوربانی سه‌ربڕاو بۆ به‌جێهێنانی نه‌زر یان قوربانی هاوبه‌شی بۆ یه‌زدان،
9
ئه‌وا له‌گه‌ڵ جوانه‌گاكه‌ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ سێ ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك[d] له‌ باشترین ئاردی شێلراو به‌ نیو هه‌ین[e] زه‌یت پێشكه‌ش ده‌كه‌یت و
10
نیو هه‌ین شه‌رابیش بۆ شه‌رابی پێشكه‌شكراو پێشكه‌ش ده‌كه‌یت، قوربانی به‌ ئاگره‌، ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌.
11
ئاوا بۆ گایه‌ك یان به‌رانێك یان به‌رخ یان كاره‌بزن ده‌كرێت،
12
ئاوا ده‌كه‌ن به‌گوێره‌ی ژماره‌یان، بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌گوێره‌ی ژماره‌یان.
13
«”هه‌ر هاوڵاتییه‌ك بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانی به‌ ئاگر ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌ ئاوا ده‌كات.
14
ئه‌گه‌ر نامۆیه‌ك له‌نێوتان نیشته‌جێ بوو، یان هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ له‌نێوتان نیشته‌جێیه‌، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ ویستی قوربانی به‌ ئاگر بكات، ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌، ده‌بێت وه‌ك ئێوه‌ بیكات.
15
كۆمه‌ڵ بۆ ئێوه‌ و بۆ ئه‌و نامۆیه‌ی له‌نێوتاندا بژیێت، یه‌ك فه‌رزی هه‌تاهه‌تاییه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. نامۆكه‌ش وه‌ك ئێوه‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م یه‌زدان،
16
یه‌ك فێركردن و یه‌ك یاسا ده‌بێت بۆ ئێوه‌ و بۆ ئه‌و نامۆیه‌ی له‌نێوتاندا ده‌ژیێت.“»
17
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
18
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”كاتێك چوونه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی كه‌ من ئێوه‌ی بۆ ده‌به‌م،
19
جا كاتێك له‌ نانی خاكه‌كه‌ ده‌خۆن ئه‌وا پێشكه‌شكراو بۆ یه‌زدان ده‌به‌خشن.
20
له‌ یه‌كه‌م ئاردی هاڕاوتان كولێره‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌ پیتاك وه‌ك پێشكه‌شكراوی جۆخین[f] ده‌یبه‌خشن.
21
نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م ئاردی هاڕاوتان به‌خشین بۆ یه‌زدان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
پێشكه‌شكراوه‌كان بۆ گوناهكردنی بێ ئه‌نقه‌ست 
22
«”ئه‌گه‌ر به‌بێ ئه‌نقه‌ست[g] هه‌موو ئه‌م فه‌رمانانه‌تان به‌جێنه‌هێنا كه‌ یه‌زدان به‌ موسای سپارد،
23
هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدان له‌سه‌ر ده‌ستی موسا فه‌رمانی پێ كردوون، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردووه‌ و به‌رده‌وام نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌،
24
ئه‌گه‌ر به‌بێ ئه‌نقه‌ست و بێ بوونی زانیاری كۆمه‌ڵ ئه‌مه‌ ئه‌نجام درا، ئه‌وا به‌پێی فه‌رزه‌كان هه‌موو كۆمه‌ڵ جوانه‌گایه‌ك له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی پێشكه‌شكراو ده‌كه‌نه‌ قوربانی سووتاندن، وه‌ك ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌، له‌گه‌ڵ گیسكێكی نێرینه‌ وه‌ك قوربانی گوناه.
25
جا كاهین كه‌فاره‌ت بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵی ئیسرائیل ده‌كات و لێخۆشبوونیان بۆ ده‌بێت، چونكه‌ به‌بێ ئه‌نقه‌ست بووه‌. جا ئه‌گه‌ر قوربانییه‌كه‌یان وه‌ك قوربانی به‌ ئاگر بۆ یه‌زدان هێنا و قوربانییه‌كه‌ی گوناهیان بۆ به‌رده‌م یه‌زدان هێنا له‌به‌ر بێئاگاییه‌كه‌یان،
26
ئه‌وا هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئه‌و نامۆیه‌ش كه‌ له‌نێویان ده‌ژیێت لێخۆشبوونی بۆ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌موو گه‌ل به‌بێ ئه‌نقه‌ست تێوه‌گلاون.
27
«”ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌س به‌بێ ئه‌نقه‌ست گوناهی كرد، ئه‌وا بزنێكی یه‌ك ساڵه‌ پێشكه‌ش ده‌كات وه‌ك قوربانی گوناه.
28
كاهین له‌به‌رده‌م یه‌زدان كه‌فاره‌ت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌ بێئاگا بوو كاتێك گوناهی به‌بێ ئه‌نقه‌ست كرد، كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كات و لێخۆشبوونی بۆ ده‌بێت.
29
بۆ هاوڵاتی له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل و بۆ ئه‌و نامۆیه‌ش كه‌ له‌نێویان ده‌ژیێت، یه‌ك یاسا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ ئه‌نقه‌ست گوناهی كردبێت.
30
«”به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی هاوڵاتی بێت یان نامۆ به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست گوناه بكات، ئه‌و كه‌سه‌ كفری به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدان كردووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ له‌نێو گه‌له‌كه‌ی ده‌بڕدرێته‌وه‌،
31
چونكه‌ سووكایه‌تی به‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان كردووه‌ و فه‌رمانی ئه‌وی شكاندووه‌، بێگومان ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بڕدرێته‌وه‌ و ئۆباڵی خۆی له‌ ملی خۆی.“»
شكاندنی یاسای شه‌ممه‌ 
32
كاتێك نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ چۆڵه‌وانی بوون پیاوێكیان بینی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا داری كۆده‌كرده‌وه‌،
33
جا ئه‌وانه‌ی بینییان دار كۆده‌كاته‌وه‌ بردیانه‌ به‌رده‌م موسا و هارون و هه‌موو كۆمه‌ڵ.
34
ئینجا له‌ به‌ندیخانه‌یان دانا، چونكه‌ ئاشكرا نه‌بوو بوو چی لێ ده‌كرێت.
35
جا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «ئه‌و پیاوه‌ ده‌بێت بكوژرێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا هه‌موو كۆمه‌ڵ به‌ردبارانی ده‌كه‌ن.»
36
جا هه‌موو كۆمه‌ڵ بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا و به‌ردبارانیان كرد و مرد، وه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كرد.
گوڵنگ له‌سه‌ر جلوبه‌رگ 
37
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
38
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ له‌ لچكی[h] جله‌كانتان دروستبكه‌ن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ و له‌سه‌ر لچكه‌كانی خواره‌وه‌ گوڵنگی مۆر دابنێن.
39
كاتێك ئه‌م گوڵنگانه‌ ده‌بینن هه‌موو فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانتان به‌بیر دێته‌وه‌ و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و به‌دوای ئاره‌زووی دڵ و چاوتان ناكه‌ون هه‌تا به‌دوایاندا به‌دڕه‌وشتی بكه‌ن،
40
هه‌تا به‌بیرتان بێته‌وه‌ و هه‌موو فه‌رمانه‌كانی یه‌زدان جێبه‌جێ بكه‌ن و بۆ خوداتان پیرۆز بن.
41
من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم كه‌ له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنان هه‌تا ببێت به‌ خوداتان، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.“»
  1. a. 15‏:3 به‌خشینی ئازاد: بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 35‏:29 و 36‏:3.‏\+xt*‏
  2. b. 15‏:6 دوو ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك: نزیكه‌ی 4,5 لیتر.
  3. c. 15‏:6 سێیه‌كی هه‌ینێك: نزیكه‌ی 1,2 لیتر، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 7.
  4. d. 15‏:9 سێ ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك: نزیكه‌ی 6,5 لیتر.
  5. e. 15‏:9 نیو هه‌ین: نزیكه‌ی دوو لیتر، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی ده‌.
  6. f. 15‏:20 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  7. g. 15‏:22 به‌بێ ئه‌نقه‌ست: ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ سنووری ئه‌ندازه‌ی ڕێپێدراودا گوناهی كرد چ له‌ ڕێگه‌ی گوێ پێنه‌دان و نه‌زانینه‌وه‌ بێت. ئه‌وا لێخۆشبوونی بۆ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی قوربانی بۆ گوناه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی گڵاوبوون بووبێت ئه‌وا به‌ هه‌مان شێوه‌ پاك ده‌بێته‌وه‌. بڕوانه‌ \+xt لێڤییه‌كان 4‏:2‏\+xt*‏.
  8. h. 15‏:38 لاولوێچ یان لچك مه‌به‌ست له‌ سه‌رگۆشه‌ی قوماشه‌ یان جل و به‌رگ.