عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا
- 1
- مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی[a] خواستبوو.
- 2
- جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.
- 3
- (موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)
- 4
- جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە.
- 5
- یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون.
- 6
- جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:
 «کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
 ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
 لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
- 7
- بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
 بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
- 8
- ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
 بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
 شێوەی یەزدان دەبینێت.
 ئیتر بۆچی نەترسان
 کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
- 9
- جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
- 10
- کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول[b] بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە.
- 11
- هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد،
- 12
- تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»
- 13
- موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»
- 14
- یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.»
- 15
- جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.
- 16
- پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.
- a. 12:1 وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.
- b. 12:10 گەڕوگول: وشە عیبرییەکە بۆ چەند نەخۆشی جیاوازی پێست بەکارهێنراوە.

