عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - شێوە گۆڕانی عیسا
 - 1
 - ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێت.»
 - 2
 - دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا.
 - 3
 - جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات.
 - 4
 - ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
 - 5
 - پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
 - 6
 - نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون.
 - 7
 - هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
 - 8
 - کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
 - 9
 - کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە.
 - 10
 - ئەوانیش بابەتەکەیان لەنێو خۆیاندا هێشتەوە و لەبارەی هەستانەوەی نێو مردووانەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد.
 - 11
 - جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
 - 12
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. کەواتە بۆچی دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟
 - 13
 - بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
 - دەرکردنی ڕۆحی پیس لە کوڕێکدا
 - 14
 - کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی دیکە، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن.
 - 15
 - کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد بەرەوپیری و سڵاویان لێکرد.
 - 16
 - عیسا لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
 - 17
 - یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە.
 - 18
 - لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
 - 19
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
 - 20
 - ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
 - 21
 - عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»
گوتی: «لە منداڵییەوە. - 22
 - زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر یان ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
 - 23
 - عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
 - 24
 - یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
 - 25
 - عیسا کە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
 - 26
 - ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.»
 - 27
 - بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
 - 28
 - عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
 - 29
 - پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
 - دووەم باسی مردنی عیسا
 - 30
 - لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت،
 - 31
 - چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
 - 32
 - بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
 - کێ پایەبەرزترە؟
 - 33
 - ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، عیسا لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟»
 - 34
 - بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
 - 35
 - عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
 - 36
 - ئینجا منداڵێکی هێنا و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون:
 - 37
 - «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
 - ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
 - 38
 - یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
 - 39
 - عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات،
 - 40
 - چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە.
 - 41
 - ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
 - ئاگادارکردنەوە لەبارەی گوناه
 - 42
 - «ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە.
 - 43
 - ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە.
 - 44
 - {لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.}
 - 45
 - ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
 - 46
 - {لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.}
 - 47
 - ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
 - 48
 - «﴿لەوێ کرمەکانیان نامرێت و
ئاگرەکە ناکوژێتەوە.﴾[a] - 49
 - هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
 - 50
 - «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
 
- a. 9:48 ئیشایا 66:24
 

