عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زیندووبوونەوەی عیسا
 - 1
 - کە ڕۆژی شەممە تەواو بوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب بۆنوبەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن.
 - 2
 - لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە.
 - 3
 - بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
 - 4
 - بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.
 - 5
 - جا چوونە ناو گۆڕەکە و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئیتر تاسان.
 - 6
 - پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراودا دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا.
 - 7
 - بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
 - 8
 - ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و هەڵاتن. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.
{ - 9
 - دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو.
 - 10
 - ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.
 - 11
 - کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
 - 12
 - لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون.
 - 13
 - جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
 - 14
 - پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
 - 15
 - پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن.
 - 16
 - ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.
 - 17
 - ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن،
 - 18
 - بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
 - 19
 - لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت.
 - 20
 - ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.}
 

