عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نیشانەکانی کۆتایی زەمان
 - 1
 - کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»
 - 2
 - عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
 - 3
 - کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی:
 - 4
 - «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»
 - 5
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات.
 - 6
 - زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.
 - 7
 - کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
 - 8
 - نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە سەرەتای ژانەکانن.
 - 9
 - «ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان.
 - 10
 - هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.
 - 11
 - کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.
 - 12
 - «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
 - 13
 - لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
 - گەورەترین تەنگانە
 - 14
 - «کاتێک ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾[a] دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،
 - 15
 - ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەوە ببات،
 - 16
 - هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
 - 17
 - لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!
 - 18
 - نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت،
 - 19
 - چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی بەدیهێنراوانەوە لە لایەن خودا هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
 - 20
 - «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کەم نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی[b] کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە.
 - 21
 - ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،
 - 22
 - چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن[c] دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن.
 - 23
 - بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.
 - هاتنەوەی عیسا
 - 24
 - «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،
«﴿خۆر تاریک دەبێت و
مانگ ڕووناکییەکەی نادات، - 25
 - ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾[d] - 26
 - «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.[e]
 - 27
 - ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە[f]  کۆدەکاتەوە، لەم سەری زەوییەوە هەتا ئەو سەری ئاسمان.
 - 28
 - «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.
 - 29
 - بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.
 - 30
 - ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
 - 31
 - ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
 - کەس ئەو کاتە نازانێت
 - 32
 - «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت.
 - 33
 - کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت.
 - 34
 - وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.
 - 35
 - «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی.
 - 36
 - نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون.
 - 37
 - جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»
 
- a. 13:14 دانیال 9:27؛ 11:31؛ 12:11
 - b. 13:20 بڕوانە نامەی ڕۆما بەشی 9 تاکو 11.
 - c. 13:22 کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحن یان پێغەمبەرن.
 - d. 13:25 ئیشایا 13:10؛ 34:4
 - e. 13:26 بڕوانە دانیال 7:13
 - f. 13:27 بڕوانە مەتا 24:31
 

