عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ناخۆشی ئیسرائیل
 - 1
 - قوڕبەسەرم!
وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت،
وەک چنینەوەی ڕەزەمێو.
نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە،
نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات. - 2
 - خواناس لە خاک لەناوچوو،
کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە.
هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە،
هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات. - 3
 - بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن،
میر داوای دیاری دەکات،
دادوەر بەرتیل وەردەگرێت،
بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات
پێکەوە دەیڕێسن. - 4
 - چاکترینیان وەک وشترالووکە و
ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە.
ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات،
ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت[a] هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە. - 5
 - متمانە بە برادەر مەکە و
پشت بە دۆست مەبەستە.
نهێنیت بپارێزە
تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە، - 6
 - چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات،
کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە،
بووک لە خەسووی؛
دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت. - 7
 - بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت،
چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم،
خودام گوێم لێ دەگرێت. - ئیسرائیل هەڵدەستێتەوە
 - 8
 - ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت!
چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە،
ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم،
یەزدان ڕووناکییە بۆم. - 9
 - لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد،
بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم،
هەتا بەرگری لە داواکەم دەکات و
مافی من دێتە دی.
دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی،
ڕاستودروستی ئەو دەبینم. - 10
 - ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و
شەرمەزاری دایدەپۆشێت،
ئەوەی پێی دەگوتم:
«کوا یەزدانی پەروەردگارت؟»
چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن،
تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت
وەک قوڕی شەقامەکان. - 11
 - ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت،
ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت. - 12
 - لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات،
لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە،
تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات
لە دەریاوە بۆ دەریا و
لە چیاوە بۆ چیا. - 13
 - زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت،
بەهۆی کردەوەکانیان. - نوێژ و ستایشکردن
 - 14
 - بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە،
مێگەلی میراتەکەت،
ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە
لە ناوەڕاستی ڕەزەکان.
با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن
وەک ڕۆژگاری کۆن. - 15
 - «وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر،
کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.» - 16
 - نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن،
سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان.
دەست دەخەنە سەر دەمیان
گوێیان کەڕ دەبێت. - 17
 - وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە،
وەک خشۆکەکانی زەوی.
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن،
لە تۆ دەترسن. - 18
 - کێ خودایەکی وەک تۆیە،
کە لە تاوان دەبوورێت و
لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟
هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت،
چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت. - 19
 - دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە،
تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و
هەموو گوناهەکانمان فڕێدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا. - 20
 - دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم،
ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد
هەروەک ڕۆژگاری کۆن. 
- a. 7:4 مەبەست لە پێغەمبەرەکان.
 

